کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دڵەڕاوکێی کۆماری ئاخوندی و قوڵەچۆماغەکانی

16:59 - 20 سەرماوەز 2720

سندووس

ڕۆژنامەی "ئەلجەریدە"ی کوێت لە ژمارەی ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی بڵاوی کردووەتەوە کە "حەسەن نەسروڵڵا"، سکرتێری حیزبوڵڵای لوبنان و لە نۆچە و قاپەلێسەکانی کۆماری ئاخوندی، لە دوای کوشتنی "مۆحسین فەخریزادە"، ویستوویەتی بچێتە ئێران و وێدەچێ ئێستاش هەر لە ئێران نیشتەجێ بێت.

ئەم هەواڵە ڕۆژی پێنجشەممە، یانی ڕۆژێک دواتر لە ڕۆژنامەی "ئورشەلیم پۆستـ"ـی ئیسڕائیلی‌دا بڵاو کراوەتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئاسمانی لوبنان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی فڕینی فڕۆکە شەڕکەر و هەواڵگرییەکانی ئیسڕائیلی بووە.

ماڵپەڕی "ئینتێل ئیسکا"ی، (Intel sky)، کە هەواڵی فڕۆکە شەڕکەرەکانی سەراسەری جیهان و لەوانە هی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە تۆخی بڵاو دەکاتەوە، ڕایگەیاندووە کە "ترامپ" سەرکۆماری ئامریکا گڵۆپی سەوزی بۆ ڕاوێژکارەکانی داگیرساندووە، بە مەبەستی هێرش بۆ سەر ئێران و بە مەرجێ، شەڕ ته‌شه‌نه‌ نەکات و سنووردار بێت.

ئەم ماڵپەڕە لە تویتێری خۆیدا هەواڵی لە فڕینی پێهپاد و فڕۆکە شەڕکەرەکان، بە سەر ئاسمانی بەیرووتدا داوە و لای وابووە کە کوشتنی هەر کەسایەتێکی پێوەندیدار بە حیزبوڵڵا لەم شارەدا، قەیرانێکی مەترسیداری لێ ‌دەکەوێتەوە.

ڕۆژنامەی "ئەلجەریدە"، بە پشتبەستن بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی، ئاماژەی بەوە کردووە کە:
"دەزگا هەواڵگرییە جۆراوجۆرەکان لە لوبنان و وڵاتانی دراوسێ، پێوەندییە نهێنی و چڕەکانی نێوان سپای پاسداران و یەکە تەناهییەکانی حیزبوڵڵایان خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە و پێوەندییەکان، ئەمە دەسەلمێنن کە "حەسەن نەسروڵڵا"، بۆ ماوەیەکی نادیار لە تاران دەمێنێتەوە و شیمانە دەکرێ دوای کۆتایی مشتومڕەکان و دەستبەکاربوونی "جۆ بایدن"، بگەڕێتەوە بەیرووت.

"ئەلجەریدە" لە ڕێکەوتی ٢٦ی نۆڤامبێر، بەوتەی سەرچاوەیەکی نیزیک لە "ئیسمایل قائانی"، و لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێ:
"لە حەوتووی ڕابردوودا نەخشەی ئۆپڕاسێۆنێکی بەربڵاو لەلایەن حیزبوڵڵاوە سڕ کراوەتەوە. ئیسڕائیل بە نیاز بووە لە ئۆپۆڕاسیۆنێکی نهێنیدا، سکرتێری حیزبوڵڵا و هەندێک لە ڕێبەرانی تاقمەکانی بەستراوە بە ئێران، لە عێراق، سوورییە و فەلەستین بکووژێ."

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە "حەسەن نەسروڵڵا"، لە نێوەڕاستی مانگی نۆڤامبری ڕابردوودا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ "ئیسمایل قائانی"، بەرپرسی فەیلەقی قودسی سپای پاسداران، لە بەیرووت، ئەم زانیارییانەی پێداوە و وتوویە:
"بەپێی لێکدانەوەکانی حیزبوڵڵا، شیمانە دەکرێ "بێنیامین نەتانیاهوو"، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل بەپێی نەخشەی دووهەم و پلەنیB، بەر لە تەواوبوونی مۆڵەتی سەرکۆماریی ترامپ، دامەزراوە ناوەکی و مووشەکییەکانی ئێران و پێگەی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەدا، بداتە بەر پەلاماری نیزامی.

لە لایەکی‌تریشەوە، ڕۆژنامەی فەرانسەوی زمانی "لۆریان لۆجۆر"ی لوبنانیش باسی لەوە کردووە کە ئیسمایل قائانی هاتووه‌تە لوبنان و داوای لە حیزبوڵڵا کردووە لە گرژکردنی دۆخەکە خۆ بپارێزن و تووند ددان بە جەرگی خۆیان‌ دابگرن!

ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئاخوندی لە ڕواڵەتدا تەنیا بە هەڕەشە و گوڕەشە توانیویەتی دڵی لایەنگرە گەمژەکانی ڕابگرێ، ئەگینا تا ئێستا بە سەدان جار لە سوورییە، لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسڕائیلییەوە لێیاندراوە و مۆڵگەکانیان خاپوور و بە سەدان کوژراویان لەسەر دەستی ماوەتەوە. لەو ماوەیەدا نەک هەر هیچ وڵامێک بە ئیسرائیل نه‌دراوەتەوە، تەنانەت ناوێرن باسیشی بکەن!
بە کورتی و کورد وتەنی:

لەم چەند ساڵەی دواییدا کۆماری ئاخوندی و هاوپەیمانەکانی، کونە مشکیان لێ‌ب ووە بە قەیسەری و تەواوی جموجۆڵەکانیان هەتا ڕۆیشتنی ترامپ سڕکردووە و چوارچاو چاوەڕوانی هاتنی "جۆ بایدنـ"ـن، بۆ کۆشکی سپی.

ئیتر بیریان لەوە نەکردووەتەوە کە ئەگەڕ تڕامپ بڕوات، ئەوەی لەسەر گەمارۆکان و لەسەر هەڵپەرتاوتنی پەڕوباڵی ئاخوندەکان، کردوویە بە یاسا، وا بەهاسانی هەڵناوەشێتەوە و بۆ ئاخوندەکان و لە سیاسەتدا، جیهانی پێشانە ترامپ و پاشانە ترامپ خولقاوە و وا بە هاسانیش بەرۆکیان بەر نادات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.