کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئابووری لە کوردستان

12:05 - 18 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: دوایین دۆخی بازاڕەکانی کوردستان هاوشێوەی شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران لێوانلێوە لە ناسەقامگیری و بێ‌متمانەیی و تەنانەت دوای قسەکانی ڕوحانی و هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ هێورکردنەوەی بازاڕ، خەڵک هیچ هیوایەکیان بە داهاتوو نییە.

چالاکێکی ئابووریی لە کوردستان لە پێوەندییەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" ڕایگەیاندووە: "سەرەڕای ئەوەیکە چەند ڕۆژە بەستەی ئێقتسادی ئێران ڕاگەیەندراوە و سەرۆکی بانکی ناوەندی بە  پلانی نوێوە ئیدعای دابەزینی نرخی دۆلاری دەکرد، هێشتا لە بازاڕدا دۆلار بایەخی خۆی ڕاگرتووە".

بەوتەی ناوبراو خەڵک پێیان وایە لە باشترین حاڵەتدا دۆلار دەبێتە ٨٠٠٠ تمەن، بەڵام واقعی بازاڕ هەتا ئێستا شتێکی دیکە دەڵێت و وادیارە بەم حاڵەحاڵە دۆلار ئەو نرخە بە خۆیەوە نابینێت.

ئەم چالاکە ئابوورییە دەڵێ: "لەباری ڕەوانییەوە خەڵکی کوردستان بە قسەکانی ڕوحانی و بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم هیچ دڵخۆش نین و پێیان وایە هەمووی درۆ و دەلەسە و فشەیە و دەڵێن کەسایەتی هەموویان و یەک لەوان ڕووحانی لە یەک وشەدا وەسف دەکرێت ئەویش فریوکارە".

هاوکات لەگەڵ ئەم بێ‌متمانەییە کە لە بازاڕدا بەرامبەر بە رێژیم و وادە و بەڵێنییەکانیان درووست بووە، هاووڵاتییانیش باس لە لەژێرپێنانی هەموو جمگەکانی ئەخلاق لە ئێراندا دەکەن و دەڵێن، بەناو بازرگانەکان تەنیا بۆ قازانجی خۆیان سەرقاڵی ساختەکاری لە بەرهەمەکانیانن.

هاووڵاتییەکی کوردستان لەمبارەوە و بۆ ڕوون بوونەوەی زیاتری ئەو حاڵەتە باسی لە چیپسی "مزمز" دەکات و دەڵێ: "ئەم چیپسە لە مانگی دووهەمی بەهاردا گران بوو و نرخەکەی لە ٥٠٠ تمەنەوە چووە ٨٠٠تمەن؛ کارخانەی "مزمز"ی ئێران کە زانیان بە ٨٠٠ تمەن چیپسەکەی بۆ نافرۆشرێت و لە بازاڕدا تووشی کێشەی فرۆش دەبێت، بە کەم‌فرۆشی خۆی لەو وەزعییەتە بۆ چەند مانگێک دەرباز کرد؛ واتە کێشی چیپسەکەی دابەزاند".

ئەوە لە حاڵێکدایە کە قەبارەی دڵقی چیپسەکە هەمان قەبارەی پێشووە و هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نەهاتووە بەڵام ڕێژەی چیپسەکەیان کەم کردووەتەوە؛ بەوتەی ناوبراو بەدەیان و سەدان کاڵا هەن کە لە لایەن سەرمایەداران و کارخانەکانەوە ساختەکارییان تێدا دەکرێت و چاوبەست کردنی کڕیار ئامانجی سەرەکیانە.

لە کۆتاییشدا دەڵێ: "ئەمە ئەخلاقی بازرگانی ئاخوندەکانی ئێرانە کە هەم تەقەلوبە، هەم کەم‌فرۆشییە و هەم گران‌فرۆشییە".