کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئابووریی و بژیوی خەڵکی ئێران نائاسایییە

12:02 - 15 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: خەڵکی ئێران لە هەموو بوارێکەوە لە ژێر گوشاردان، بەتایبەت لە بواری بژیوی ڕۆژانە و خواردن و مادە خوراکییەکاندا گوشارەکان چەند قاتن.

هەلومەرجی ئابووریی و بژیوی ژیانی خەڵکی ئێران، لە دوایین مانگەکانی ساڵی ١٣٩٧دا، لە دۆخێکی هەستیاردایە، بەڵام لەم بارەوە بەرپرسانی ڕێژیم، بەشێکیان دۆخەکە بە دۆخێکی ئاسایی و لەبار دەزانن و بەشێکیشیان کە هێندێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمیشیان لەگەڵە، هەلومەرجەکە بە نالەبار و شپرز دەزانن.

لە نوێترین لێدوانی بەرپرسانی ژووری بازرگانیی و بەرپرسی ڕێکخراوەی بەدواداچوونی (بازرسـ)ـی ڕێژیم لە شاری تاران، هەر کام بە جیا دۆخی ئابووریی ئێران بە نالەبار دەزانن، لە لایەکیشەوە وەزیری ئابووریی ڕێژیم، داوای لە هێزەکانی بەسیج کردووە، کە بە هەموو توانایانەوە بۆ ڕاگواستنی سەرچاوە ماڵییەکان بۆ ئێران هەوڵ بدەن.

لەم پێوەندییەدا، ناسر سەراج، بەرپرسی ڕێکخراوی بەدواداچوونی (بازرسـ)ـی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی ڕێبەندان، لە ڕێوڕەسمی سوێنددانی فێرکارانی ئەم ڕێکخراوەیە، دۆخی ئابووری بە نالەبار پێناسە کردووە و هۆکاری ئەم دۆخەی بۆ دەرەوەی ئێران گەڕاندووەتەوە و وتوویەتی: ئەم دۆخە کە هۆکارەی دەرەکی هەیە، بۆ ئەوەیە کە ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە ڕێپێوانی ڕۆژی ٢٢ ڕێبەندان کەم بکەنەوە.

لە مانگەکانی ڕابردووەدا، نرخی زۆربەی شمەکەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا چەند قات گران بووە، هەرچەندە ڕێژیم وای پیشان داوە، کە لە هەوڵی کونتڕۆڵی نرخەکانە، بەڵام بە کردەیی هەتا ئێستە نەیانتوانیوە هیچ هەنگاوێک ئەرێنی هەڵ بگرێت.