کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئابووریی ڕێژیمی ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ شپرزتر دەبێت

13:00 - 3 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کێشە ئابوورییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە جێگای ئەوەی کە چارەسەر بێت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە و گرانیی کەلوپەل و داخرانی کارخانەکان بەردەوامە.

 هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە، بەردەوام باس لە قەیرانی ئابووریی لە ئێراندا دەکەن، کە هیچ لایەنێک وڵامدەر نییە و نرخی کەلوپەل و خوراک لە ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی خودی ڕێژیم، پێوەری نرخی گشتی بۆ بنەماڵەکانی نیشتەجێی شار لە ئێراندا، لە مانگی ڕێبەنداندا بە نیسبەت مانگی پێشوو ٢.١ لەسەد بەرز بووەتەوە و بۆ بنەماڵەکانی نیشتەجێی گوند ٢.٨ لەسەد بووە.

هەر بەپێی خودی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، نرخی هەڵاوسان لە مانگی ڕێبەنداندا گەیشتووەتە ١٥٨/١، کە بە نیسبەت مانگی ڕابردوودا ٢.٢ لەسەد بەرز بووەتەوە.

بارودۆخی شپرزەی ئێران لە ئاستێکدایە، کە تەنانەت پارێزەرانی ئەو ڕێژیمە، بەرجام و کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕێژیمیش دەبەنە ژێر پرسیار و مایەپووچبوونی ئەو ڕێژیمە بە نێوچاوانی بەدیهێنەرانی ئەو دۆخەدا دەدەنەوە.

کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە خۆیان دان بەوەدا دەنێن، کە بەرجام هیچ سوودێکی نەبووە و تەنیا دروشمێک بووە کە هەندێک لایەن بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرتووە.

لەو پێوەندییەدا، محەمەدجەواد زەریف، لە کۆتایییەکانی ساڵی زایینیی ڕابردوودا باسی لەوە کرد: "هەرچەند ئەو بەڵێنانەی کە ئورووپایییەکان بۆ پێشگیری لە کاریگەریی گەمارۆوەکانی ئامریکا لەسەر ئابووریی ئێران دابوویان، ئەگەری زۆر زیاتر لە چاوەڕوانییەکان بێت، بەڵام بابەتەکە تەنیا بە پێبەندبوونی بەڵێنی ئورووپایییەکان و خۆڕاگریی ڕێژیمی ئێران چارەسەر نابێت.

ئێران ئێستا لە دۆخێکی زۆر شپرزەی ئابووریدایە، بە جۆرێک کە نرخی دراوی ئەو وڵاتە لە ماوەیەکی کورتدا زۆر دابەزیوە و نرخی دۆلاری ئامریکا لە بازاڕەکانی ئێراندا بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر دۆخی ئابووری و بەتایبەتی ژیانی خەڵک داناوە.