کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئابووریی کوردستان و مایەپووچی بانکەکانی ڕێژیم

10:38 - 7 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە چەند مانگی ڕابردوودا کۆمەڵێک لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکانەوە تووشی خەسار و داخران هاتن؛ هەر لەم بارەشەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێکی تر لە بانکەکانی رێژیم لە شاری سەقز بەهۆی ڕاوەستانی بازاڕ و زەرەردێهییەوە داخران یان هەنووکە بە نیوەداخراوی کار دەکەن.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەم دۆخە دەڵێ: "بانکەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زیاتر لە مایەپوچبوون نیزیک دەبنەوە. لە مانگەکانی ڕابردوودا بانکی تجارەتی سەقز دووهەمین لقی خۆی لەو شارە داخست. پێشتر لقی بەهارستان و لە دوو مانگی پێشوودا لقی چوارڕای بانکی تجارەت بە هۆی زەرەردەهی ماڵییەوە بە یەکجاری داخرا؛ هەروەها لقەکانی دیکەی بانکی تجارەت لە سەقز لە ئاستێکی زۆر نزمدا درێژە بە کار دەدەن و وێدەچێ لە داهاتوویەکی نیزیکدا گرفتی گەورە لە بانکی تجارەت ڕوو بدات".

بەوتەی هەواڵنێری کوردستان میدیا، "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاشکرا بووە کە لە بانکی میللەتی سەقزدا بەناوی موشتەرییەکانی ئەو بانکەوە وام دراوە، بێ ئەوەیکە موشتەری خۆی ئاگای لەم شتانە بێت". بە پێی زانیارییەک کە دەست کوردستان میدیا کەوتووە بە ناوی زیاتر لە سێسەد کەس لە موشتەرییەکانی بانکی میللەتی سەقزەوە وام سەبت کراوە، تەنانەت بەشێکی ئەو موشتەرییانە وتوویانە کە لە سیستمی شتابی بانکیدا بە ناوی کەسێکی بەدحیساب کە وامەکانیان تووشی دواکەوتوویی و جەریمە بووە ناویان تۆمار کراوە.

پێویست بە وتنە کە بەرپرسانی بانکی میللەت هۆکاری ئەم دزی و گەندەڵییە گەورانەیان گەڕاندوەتەوە بۆ هەک کرانی سیستمی بانکی و بەڵێنیان داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کێشەکە چارەسەر دەکەن.