کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئاوی خواردنەوەی شاری "چوار" ناڕەزایەتی خەڵکی لێ کەوتەوە

10:57 - 19 خاکەلێوه 2721

ئاوی خواردنەوەی شاری "چوار" سەر بە پارێزگای ئیلام کوالێتییەکی باشی نییە و ئەو بابەتە کێشەی زۆری بۆ دانیشتووانی ناوچەکە بەدواوە بووە، بەڵام بەرپرسەکان بە نکۆڵیکردن، لە وتنی ڕاستییەکان خۆ دەبوێرن.

تام و کوالێتیی ئاوی خواردنەوەی شاری چوار بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ئەو شارە، بە شێوازێک کە هەندێک لەوان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە ئاوی کانییەکان یان ئاوی کانزایی کەڵک وەردەگرن.

هەرچەند تا ئێستا بەڵێنیگەلێکی زۆر لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە لە بابەت چاککردنی دۆخی ئاوی خواردنەوەی شاری چوارەوە بە خەڵک دراوە بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەوڵێکی کاریگەر ئەنجام نەدراوە.

هەروەها یەکێک لە دانیشتووانی چواری وتوویەتی کە زۆربەی دانیشتووانی ئەو شارە بەهۆی خراپیی دۆخی ئاو ناچار بوونە کە ئامێری پاڵاوتنی ئاو دابنێن.

کێشەی خراپیی دۆخی ئاوی زۆربەی شارەکانی کوردستان کێشەیەکی لەمێژینەیە و ڕێژیم هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە نادات، لە حاڵێکدا کە ئەوە مافێکی سەرەتایی هەر مرۆڤێکە کە ئاوی خواردنەوەی پاکی لەبەر دەستدا هەبێت.