کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی بڵاوبوونەوەی پاندێمیی کۆرۆنا لە ئیلام خراپتر بووە

17:59 - 7 بانەمەڕ 2720

لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو لە پارێزگای ئیلام بە زۆربوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا،  ئەو پارێزگایەش دۆخی بەرەو قەیراناویبوون دەچێت.

"محەممەد کەریمیان"، سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئیلام، باسی لە زۆربوونەوەی ڕێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای ئیلام کرد.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە کۆی گشتیی تووشبووان گەیشتووەتە ٤٨٠ کەس کە لەو ژمارەیە ١٧ حاڵەتی لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تۆمار کراوە.

هەروەها لە شاری "هلیلان" سەر بە پارێزگای ئیلام، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٦ حاڵەتی تووشبوو تۆمار کراوە و ٣ کەسیش بەهۆی تووشبوون بەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەست داوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی مەترسیدار بەردەوام تەشەنا دەستێنێت و خەریکە دەگاتە پیکی دووەمی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم باسیان لەوە کردووە کە ڕەوتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خەریکە دادەبەزێت.