کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە بەندیخانەی سنە مەترسیدارە

11:05 - 26 خەزەڵوەر 2720

کۆرۆنا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە بە شێوەیەکی بەرین بڵاو بووەتەوە و ڕێژیم و بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی دان بەو دۆخە ناجێگیرەی بەندیخانەی سنەدا نەنێن.

بەپێی زانیاریگەلێک کە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتووە، کۆرۆنا بە شێوەیەکی مەترسیدار و سەرسووڕهێنەر لە زیندانی ناوەندیی سنە تەشەنەی سەندووە و ئەم دۆخە بە شێوەیەکی جیددی هەڕەشە لە گیانی بەندکراوان دەکات.

هەروەها زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، جگە لەوەی کە بەرپرسانی بەندیخانە هیچ هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵ و چارەسەریی ئەو دۆخە نادەن، بەڵکوو نکۆڵی لە هەبوونی ڤایرۆسێکی وا لەو بەندیخانەیەدا دەکەن.

بەرپرسانی بەندیخانەی سنە لە هەوڵێکی چەواشەکارانەدا چەند پەیامنێرێکی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمیان لە سنە بردووەتە نێو بەندیخانەوە و لێدوانیان لە چەند بەندکراوێک وەرگرتووە کە پێیان وتوون دەبێ بڵێن کە کۆرۆنا لەو بەندیخانەیەدا بوونی نییە.

ئەو گوشارانە کە لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیە چڕ کراوەتەوە زیاتر لەسەر بەندکراوانی سیاسییە بۆ ئازار و ئەشکەنجەدانیان.