بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە کوردستان میدیا گەیشتووە، هەموو کەرەستەکانی بیناسازی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر هەڵکشاون، هاووڵاتییان لە بۆکان بەنیسبەت ئەو دۆخە و کاریگەرییەکانی ئەم گرانییە ناڕزایەتییان دەربڕیوە.
سەرچاوەیەکی خۆجیی باسی لەوە کردووە: "ماوەی سێ ڕۆژە لە بۆکان سیمان دەست ناکەوێت، لەم دۆخەدا کە کیسەیەک سیمان بە ٣٥ هەزار تمەن دەفرۆشرێت، بەڵام بەو نرخەش دەست ناکەوێت".
نرخی هێندێک لەو کەرەستانەی بیناسازی کە بەنیسبەت ساڵی ڕابردووەوە ٣ بەرابەر گرانتر بووە بریتین لە:
- یەک کیلۆ مێڵگرد بە نرخی ١٣ هەزار و ٥٠٠ تمەن
- یەک دەنک فووم بە ٧٠ هەزار تمەن
- یەک شاخە ئاسنی نمرە ١٤ بە ٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن
- وەرەقی گاڵوانیزە هەر کیلۆیەک بە ٢٧ هەزار تمەن
- پڕۆفیلی دەرگا و پەنجەرە هەر کیلۆیەک بە ٢٣ هەزار تمەن
- وەرەقی ڕەش هەر کیلۆ بە ٢٣ هەزار تمەن
هەروەها نرخی زەوی و خانووبەرە بۆ کڕین و فرۆشتن ١٠ بەرابەر بەرز بووەتەوە و خانووبەرە بۆ ڕەهن یان کرێ دەست ناکەوێت، بۆ وێنە بۆ خانوویەکی یەک خەوە لە گەڕەکە هەژارنشینەکان ٨٠ هەتا ١٠٠ ملیۆن تمەن و بۆ خانوویەکی دوو خەوە ١٢٠ هەتا ١٥٠ ملیۆن تمەن ڕەهن وەردەگیرێت.
هەر لەو پێوەندییەدا سەرچاوەیەک باسی لەوە کردووە: "لەو دۆخەدا كاربەدەستانی ڕێژيم لە خەڵک کەڵکاژۆ وەردەگرن و هەر کەسێک بچێتە نێو بازارى مەڕوماڵاتی بۆكان بڕی ٥ هەزار تمەنی لێ وەردەگرن".