کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی خراپی پێشەی ماشینسازی، ئەگەری بێکاریی هەزاران کرێکاری دروست کردووە

11:34 - 10 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: پیشەی ماشینسازیی ئێران، بەهۆی گەندڵی و بێ‌ مودیرییەتیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، تووشی مایەپووچی بووە و چارەنووسی هەزاران کەس کە لەم پیشەیەدا کار دەکەن، مەترسیی لەسەرە.

هەواڵدەریی "ئیلنا"ی سەر بە ڕێژیم، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی دووشەممە، ٩ی بەفرانبار، لەبارەی شیرکەتەکانی ماشینسازی لە ئێران بڵاوی کردووەتەوە، دۆخی ئەم شیرکەتانەی زۆر خراپ و لە بەرەبەری مایەپووچی ڕاگەیاندووە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، پیشەی ماشینسازی لە ئێران یەکێک لە پیشە خەساردەرەکانی وڵاتە؛ کێوێک قەرز بەسەریاندا کەڵەکە بووە و دوورەدیمەنێک لە پێش خۆیان نابینن.

گەورەترین لێکەوتەی داڕمانی ئەم شیرکەتانە بێکاربوونی سەدان هەزار کرێکارە.

لە ئێستادا نزیکەی٩٠٠ هەزار کرێکار لە شیرکەتی ماشینسازی و پیشە پێوەندیدارەکان، بە گرێبەستی کاریی یەک مانگە و ٣ مانگە کار دەکەن، هەر شیرکەتێکی ماشینسازی کە دابخرێت یان بەرهەمهێنانی خۆی ڕابگرێت، جیا لە بێکاریی سەدان کرێکار، چەند کارخانەی پارچەسازی کە ٦٠٠ هەزار کەس تێیدا خەریک بە کارن، بەرەو داخران دەبات و کرێکارانیش ڕەوانەی ماڵەوە دەکات.

''بەهرام پارسایی''، وتەبێژی کۆمیسیونی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیسی ڕێژیم، مانگی خەرمانان وتبووی، پیشەی ماشینسازی بە قەد شەڕێک خەساری بەو وڵاتە گەیاندووە و ئەگەر بەڕاستی ئەم گەندەڵییە تاوتوێ بکرێت زیاتر لە دەسبەسەرکردنی یەک یان چەند بەڕێوەبەری لێدەکەوێتەوە.

''ئەحمەد نێعمەت بەخش''، دەبیری ئەنجومەنی ماشینسازانی ئێران دەڵێت، ساڵی ڕابردوو دوو شیرکەتی گەورەی ماشینسازیی ئێران، هەر یەکەی ٧ هەتا ٨ هەزار میلیارد تمەن زیانیان گەیاندووە و ئەمساڵیش نزیکەی ٥ هەزار ملیارد تمەن زیانیان گەیاندووە.

بەهۆی گەندڵی و بێ‌ مودیرییەتیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ژیان و گوزەرانی نزیک بە یەک ملیۆن کەس لە حەشیمەتی ئێران کە بە پیشەی ماشینسازییەوە گرێدراوە، لە مەترسیدایە.