کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی خووزستان بەهۆی کۆرۆناوە قەیراناوییە

12:24 - 16 رەشەمه 2720

سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ڕێژیم لە شاری ئابادان وتوویەتی، کرداری ئێمە بەنیسبەت ئەو ڤایرۆسە پێشکەوتووەوە ڕێک نییە و ئەگەر لە کاتی خۆیدا هەوڵی بۆ نەدرێت و بەربەستگەلێکی زیاتر دانەنرێت و خەڵک زیاتر ڕەچاو نەکەن، لە ڕۆژەکانی داهاتوودا لە خووزستان لەگەڵ قەیران بەرەوڕوو دەبینەوە.

دوکتور "شوکروڵڵا سەلمانزادە" سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی ئابادان، بە ئاماژەدان بەوەی کە دۆخی باشووری ڕۆژاوای خووزستان سوورە ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا بە شێوەی نێونجی ڕۆژانە ٢٠٠ تا ٢٢٠ حاڵەت نەخۆشی سەرپێی تووشبوو بە کۆرۆنا دەدۆزرێنەوە و ٥٠ حاڵەتیان دەخەوێندرێن.

سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئابادان وتوویەتی: "لە ئێستادا جگە لە نەخۆشخانەی بێهێشتیی ئابادان، سەرجەم نەخۆشخانەکان نەخۆشی کۆرۆنایی وەردەگرن و ئەمە نیشان دەدات کە خەریکین بەرەو قۆناخێک دەڕۆین کە دەبێ لە هەموو ئیمکاناتمان بۆ خەواندنی نەخۆشەکان کەڵک وەربگرین".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە کاتێک کە ژیانی خەڵک لە مەترسیدا بێت دەبێ توندترین بەربەستەکان دابنرێت و سنوورەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا دابخرێت.