کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی شاری سەقز لە چوارچێوەی ئامارەکاندا

19:54 - 11 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە شاری سەقز کە یەکێک لە گەورەترین شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانه، ٨٧٥٠ بنەماڵە لە لایەن کۆمیتەی ئیمدادەوە پۆشش دەدرێن.

"فارووق مەحموودی"، بەرپرسی کۆمیتەی ئیمدادی ڕێژیم لە شاری سەقز، لە ڕاپۆرتێکدا کاری ئەم ناوەندەی سەر بە ڕێژیمی شرۆڤه کردووە.

لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە ٨٧٥٠ بنەماڵەی ئەم شارە لە لایەن ئەم ناوەندەوە پشتیوانی دەکرێن کە حەشیمەتەکەیان دەبێتە ١٩٥٠٠ کەس.

بەپێی وتەکانی "مەحموودی"، تەنیا ١٨٧٠ بنەماڵە بە حەشیمەتی ١١٤٠٠ کەسییەوە لە بواری دەرماندا و لە ڕێگەی "خەدەماتی دەرمانیی ڕووستایی" و "بیمەی تەکمیڵیـ"ـیەوە پاڵپشتی دەکرێن.

هەروەها ٦٥ کەس بەتەواوەتی توانایی جووڵەیان نییە و ٣٤١ کەسیش تووشبووی نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجه، پێوەندی گورچیلە و جەرگ و "ئێم‌ ئێسـ"ن، کە دەرمانیان نییە. بەم حاڵەشەوە بڕیارە کە تەنیا ٩ یارمەتیی ماڵیی دەرمان بۆ تووشبووان بە نەخۆشییە بێ چارەسەرەکان و ٥ یارمەتیی ماڵیش بۆ کڕینی کەلوپەلی نۆماڵیی کچان تەرخان بکرێت.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە لە ڕێژەی حەشیمەتی ١٩٥٠٠ کەسیی سەقز کە لە لایەن کۆمیتەی ئیمدادەوە پۆشش دەدرێن، تەنیا ١٢٤٠ قوتابی لە لایەن کۆمیتە ئێمدادەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت کە ٢٣٥ کەسیان خوێندکاری زانکۆ و ٧ کەسیان خوێندکاری دوکتورای پزشکی، ماف و هەتدن.

لە ساڵی ٩٧دا، بۆ دابینکردنی ٢٣٠ کار و پیشە، ٢٠٠/٩ میلیارد تمەن بوودجە تەرخان کراوه کە بڕیارە بۆ ساڵی ٩٨،  ١٤٩٥٥ میلیارد تمەن بێت.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژه بەوە کراوە کە بە مەبەستی یارمەتیی هەژاران، دەبێ ١١٠ خانوو دروست بکرێت و لە ئیعتباراتی زەکاتیش بۆ دروستکردنی ٥ مزگەوت و ١٤ خانوو و نۆژەنکردنەوەی ٩ یەکەی نیشتەجێبوون کەڵک وەربگیرێت.

ئەم ئامارانە و ڕێژەی پێڕاگەیشتن بە دانیشتووانی شارێکی گەورە وەکوو سەقز کە لە بواری مێژوو و ئاسەواری فەرهەنگی و هەروەها توریسمەوە پێگەیەکی دیاری هەیە، نیشان دەدات کە شارەکانی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی شارە گەورەکان لە لایەن بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە هیچ بایەخێکیان پێ نادرێت و بە پیچەوانەشەوە لە بواری خزمەتگوزارییە خۆش بژێوییەکانیشەوە دەخرێنە پەراوێزەوە.