کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئاڵۆزە

11:09 - 2 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، حکوومەتی نیزامیی ڕاگەیاندووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەڕای ئەوەیکە ئینتێرنێت لە کوردستان و ئێراندا پچڕاوە، دۆخی شارەکانیش ئاڵۆزە و هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە شەقامەکاندا جێگیر بوونه.

شاری بۆکان بەتەواوی ئەمنییەتی کراوە. هێزەکانی ڕێژیمی ئێران ناهێڵن خەڵک پێکەوە ڕاوەستن و هەموو جموجۆڵێک کۆنترۆڵ دەکەن و لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین کەسیان بە بارمتەی ١٠٠ و ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کردووە.

هەروەها مەریوان بە تەواوی میلیتاریزە کراوە و هێزەکانی ڕێژیم بە هەموو شێوەیەک خەڵک سەرکوت دەکەن.

لە کوردستان ڕەشبگیری بەردەوامە و بێ ھیچ ئیجازەیەک خۆ بە ماڵاندا دەکەن و خەڵک دەگرن و ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکاندا دەسبەسەر کراون، بەتوندترین شێوە ئەشکەنجە کراون.

بەشی زۆری دەسبەسەرکراوەکان لە مەریوان بۆ شارەکانی دیکە ڕاگوێزراون و بەهۆی پچڕانی هێڵی ئینتێرنێتەوە خەڵک ناتوانن وێنە و ویدیۆکانیان بۆ دەرەوە بنێرن.