کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی قوتابخانەکان لە ناوچە لافاولێدراوەکاندا نالەبارە

17:05 - 3 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دۆخی قوتابخانەکان لە کوردستاندا و بەتایبەت پاش لافاوەکەی سەرەتای ئەمساڵ نالەبارە و نەبوونی جۆرەکانی خزمەتگوزاریی فێرکاری و هەروەها خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، لەو کێشە سەرەکییانەن کە قوتابییانی کوردستان لەگەڵیان بەرەوڕوون.

هەواڵدەریی دەنگوڕەنگی پارێزگای ئیلام ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە قوتابخانەی "قیام" لە گوندی "شوورەی ماژین" بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا باس لە نەبوونی خزمتگوزارییە سەرەتاییەکان لەم قوتابخانەیەدا کراوە.

یەکێک لە قوتابییانی ئەم قوتابخانەیە سەبارەت بە نەبوونی خزمەتگوزاری باس لەوە دەکات کە لەجیاتی دیوار، بە دار و بەرد دیوار بۆ قوتابخانەکە دروست کراوە.

هەروەها دایکی یەکێک لە قوتابییەکانیش وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دۆخی قوتابخانەکە، باسی لەوە کردووە کە ئەو قوتابخانەیە نە حەوشەی هەیە، نە سرویسی بێهداشتیی بۆ دابین کراوە و نە زەوییەکەشی قیرتاو یان مووزاییککاری کراوە، هەر بۆیە قوتابییانی ئەم قوتابخانەیە هەر هەست بەوە ناکەن کە لە قوتابخانەدان.

هەر لەم پەیوەندییەدا، "تەتەری"، بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی "دەڕە شار" (درە شهر)، لە وڵامی داخوازییەکانی خەڵکدا سەبارەت بە دۆخی حەوشە و فەزای دەرەوەی قوتابخانەکە باس لە ڕەنگکردنی دیواری پۆلەکان دەکات و دەڵێت ئەگەر دژایەتیی لەگەڵ نەکرێت، لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ دەکرێت.

قوتابخانەی "قیام" یەکێکە لەو قوتابخانانەی کە لە کاتی لافاوەکەی سەرەتای ئەمساڵدا تووشی کێشە بوو و پاش تێپەڕبوونی سێ مانگ تاکوو ئێستا نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانەیە تەواو نەبووە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمیش لە چەواشيکاریی تەواودا باس لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچە لافاولێدراوەکان دەکەن.

تەنیا دوو مانگی دیکە هەتا کرانەوەی قوتابخانەکان و دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەرفەت هەیە و ئەگەر بەم چەشنە بڕواتە پێشەوە، ڕەنگە زۆربەی قوتابییان واز لە خوێندن بهێنن.