کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی لافاولێدراوانی "پۆلدۆختەر" دژوارە

12:18 - 6 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دوای تێپەڕینی چوار مانگ بەسەر لافاودا، هێشتا بەشێکی زۆری کێشەکانی خەڵکی ناوچە لافاولێدراوەکان چارەسەر نەکراوە و خەساری زیانبەرکەوتووان قەرەبوو نەکراونەتەوە.

دوای تێپەڕینی چوار مانگ بەسەر ڕوودانی لافاو لە شاری پۆلدۆختەردا، کە بووە هۆی ژێرئاوکەوتنی ئەم شارە و ڕووخانی پرد، ژێرخانەکان، باڵەخانە و ڕێگاوبانەکان، ڕەوتی چاکسازیی ئەم شارە دۆخێکی دڵخۆشکەری نییە.

لەمبارەوە، هەواڵدەریی "مێهر"ی سەر بە ڕێژیم، لە ڕاپۆرتێکدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ خەڵکی ئەم شارە هەبووە و یەکێک لە هاووڵاتییانی گوندی "بابازید" ڕایگەیاندووە: "بەشێکی فراوانی  زەویی کشتوکاڵی و باخەکانی هەنجیرمان لە کاتی ڕوودانی لافاوەکەی ئەمساڵدا لەنێوچوون، هەتا ئێستاش خاوەنی ئەم زەوییانە هیچ قەرەبووییەکیان وەرنەگرتووە".

ئەم هاووڵاتییە، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە ئەم گوندە لە ئاستی ڕووباری "کشکانـ"دایە و دروستنەکردنەوەی بەنداوی خاکیی سەر ئەم ڕووبارە و خۆڵە کۆبووەوەکانی لافاو، هەڕەشەیەکی جیددین بۆ سەر گیانی خەڵکی ئەم گوندە.

هەتا ئێستا، ڕێژیمی ئێران ڕێگا لەنێوچووەکانی زۆربەی گوندەکانی پۆلدۆختەری چاک نەکردووەتەوە و خەڵکی ئەم ناوچانە هێشتا هێڵی تەلەفۆنیان نییە و لوولەکێشیی گازەکانیان وەسڵ نەکراوەتەوە.

هەر لەم ڕاستایەدا، لە ماوەکانی ڕابردوودا، هەواڵدەریی "ئیلنا"ی سەر بە ڕێژیم، لە زاری "غوڵامڕەزا ئاقامیرزایی"، بەرپرسی گشتیی کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکانی پارێزگای ئیلام، بڵاوی کردبووەوە: "بەهۆی لێکۆڵینەوەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی فەزایی وڵاتەوە، بۆمان دەرکەوتووە کە ١٤ هەزار و ٥٠٠ کەیسی بەرهەمهێنەر، وەرزێڕ و ئاژەڵدارە زیانبەرکەوتووەکانی لافاوی ئەمساڵ، کە بڕیار بووە قەرەبوو بکرێنەوە، ڕەتکراوەتەوە".