کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ماڵیی وەزارەتی تەندروستی و نەخۆشخانەکانی ئێران شپرزەیە

18:21 - 11 گەلاوێژ 2720

سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە ئەو وەزارەتخانەیە تەنیا بە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوەکانی سندووقی گەشە دەتوانێت درێژە بە کارەکانی بدات.

"کیانووش جەهانپوور"، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەدروستیی ڕێژیم هەروەها ڕایگەیاندووە کە دۆخی نالەباری ماڵیی وەزارەتی تەندروستی بەهۆی گوشارەکانی تێچووی نەخۆشەکانی تووشبوو بە کۆرۆنا و کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەو نەخۆشییە کاریگەریی لەسەر داهاتی ناوەندە دەرمانییەکانیش داناوە.

داهاتی تایبەتیی نەخۆشخانەکان کە نزیکەی ٦٠ لەسەدی کۆی گشتیی بودجەی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمە، گەیشتووەتە سیفر.

بەپێی حیساباتی ڕێژیم تێچووی هەر نەخۆشێکی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەدا بە شێوەی نێونجی بۆ وەزارەتی تەندروستی نزیکەی ١٩ ملیۆن تمەنە و ئەو تێچوویە بۆ نەخۆشەکانی "ئای سی یوو" زۆر زیاترە.

لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستی بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووری و نەبوونی بودجە، پێویستیی بە یارمەتیی زیاتر لەلایەن سندووقی گەشەی ڕێژیمەوەیە.