کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی مەترسیداری کۆرۆنا لە ئێران؛ ڕێژەی تووشبووان ٣ بەرابەر بووەتەوە

13:45 - 29 خەرمانان 2720

تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران چووەتە حاڵەتێکی مەترسیدارەوە و بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم هۆشداری دەدەن کە شەپۆلی نوێی کۆرۆنا لە ئێران دەستی پێکردووە و ڕێژەی قوربانییان و تووشبووان ٣ بەرابر بووەتەوە.

زیاتر لە ٧ مانگ لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران تێدەپەرێت و بەرپرسانی ڕێژیم لەو ماوەیەدا نەتەنیا هیچ پلانێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنیی ئەم پەتایە نەگرتووەتەبەر بەڵکوو بەهۆی سیاسەتە نابەجێیەکانیان زیاتر بواریان بۆ تەشەنەسەندنی ئەو نەخۆشییە ڕەخساندووە، بە شێوەیەک کە ئێستا هەموو پارێزگاکانی ئێران و کوردستان لە خراپترین دۆخدان.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ٣ هەزار و ٥٠ کەس تەنیا لە ڕۆژی هەینیدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و ١٤٤ کەس گیانیان لەدەست داوە.

دۆخی کۆرۆنا بە شێوەیەکە کە بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی، ئێران لە دۆخی سووردایە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لەسەر بەڕێوەچوونی ڕێوەڕەسمی "ئەربەعەین" جەخت دەکاتەوە.

هەروەها هێندێک بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایانگەیاندووە کە کرانەوەی قوتابخانەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاماری کۆرۆنا بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی.