کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران، هۆشداریی ئابووریناسانی لێکەوتەوە

17:26 - 7 رێبەندان 2719

هۆشداریی ئابووریناسانی ئێران لەبارەی دۆخی ئیستای پێوەرەکانی ئابووری و دژواربوونی ئەم دۆخە کە لە ساڵی داهاتوودا بەرەو قەیرانێکی زیاتر دەڕوات، درێژەی هەیە.

''حەیدەر مستخدەمین حوسێنی''، ئابووریناس و ڕاوێژکاری پێشووی وەزیری ئابووریی ڕێژیم، هۆشداریی داوە کە توانای کڕینی خەڵک لە ساڵی داهاتوودا بە نیسبەت ئەمساڵ دادەبەزێت و نرخی هەڵاوسان بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات.

ئابووریناس ''محەممەد قۆلی یووسفی''، لە هەمبەر ئەو قسانەی کە بەرپرسانی ڕێژیم دۆخی ئابووریی ئێران بەباش نیشان دەدەن، وتویەتی، زۆر بەداخم کە بەرپرسانی ڕێژیم ڕاستییەکانی دۆخی ئابووری بە خەڵک ڕاناگەیەنن.

ئەم ئابووریناسە باسی لەوە کردووە، ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران جێژن و شایی بۆ خۆیان دەگێڕن، نیشاندەری ئەوەیە کە داواکارییەکان و ژیانی خەڵکیان بۆ گرینگ نییە. بەرپرسانی ڕێژیم کۆمەڵێک ژمارە وەسەر یەکک دەخەن و تەبلیغی پێدەکەن.

هەروەها ئابووریناس ''حوسێن ڕاغفەر'' کە یەکێک لە نزیکانی "حەسەن ڕووحانیـ"ـیە، باسی لەوە کردووە کە داڕمانی ئابووری ڕووی داوە، تەنیا بەرپرسانی ڕێژیم بوێریی ئەوەیان نییە ڕایبگەیەنن.

ناوبراو وتوویەتی، لە ئێستادا کێشەگەلێکی جیددی بەرۆکی خەڵکی گرتووە و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە داهاتوودا لێکەوتەیەکی تەکاندەری بەداوە دەبێت.

هوشداریی ئابووریناسان بەنیسبەت دۆخی ئابووریی ئێران لە حاڵێکدا بەرز بووەتەوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ ئیرادە و توانایەکی بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە و ژیانی خەڵک نییە.