کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نالەباری ڕێگاوبان خەڵکی وەزاڵە هێناوە

13:50 - 8 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: دۆخی نالەباری ڕێگاوبان سەرباری ڕووداوە سرووشتییەکان، خەڵکی شارەکانی دەوروبەری کرماشان بە تایبەت سەلاسی باوەجانیی وەزاڵە هێناوە و ناڕەزایەتیی خەڵکی ناوچەکەی بە دواوە بووە.

بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شاری سەلاسی باوەجانی ، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا خەڵکی سەلاسی باوەجانی ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر خراپی بارودۆخی ڕێگاوبان لەو شارەدا دەربڕیوە و گلەییان لە نابەرپرسایەتی و کەمتەرخەمیی ڕێژیم لەو بابەتەوە کردووە.

لەو ڤیدیۆیەدا بارودۆخی ڕێگای نێوان سەلاسی باوەجانی بۆ شێخ سڵە و ئەزگڵە پیشان دەدرێ کە نزیک بە دوو ساڵە لە دۆخێکی خراپدایە و کار بەدەستانی ڕێژیم لەو شارەدا هیچ هەوڵێکیان بۆ چاککردنەوەی دۆخی ئەو ڕێگایە نەداوە.

لە ماوەی ڕابردوودا و دوای هاتنی لافاو بۆ شارەکانی ئێران و کودستان خەڵکی سەلاسی باوەجانی سەرەڕای بارودۆخی ناجێگیری خۆیان بە شێوەی خۆڕسک دەستیان دایە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی لافاولێدراو و هاوخەمی زامەکانی ئەو خەڵکە بوون.

هەروەها چەند ڕۆژ پێش ئێستا، گەورە و ڕێبەری یارسانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە نووسینی نامەیەک داوای لە خەڵک و بەتایبەت پەیڕەوانی ئایینی یارسان کردبوو، کە بە هانای خەڵکی لێقەوماوی گوڵستانەوە بڕۆن.