کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی وەرزش لە کوردستاندا

12:22 - 1 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: جێگری گشتيی وەرزشی ئیدارەی وەرزش و لاوانی پارێزگای سنە، لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە، کە  وەرزشوانانی کورد لە ساڵی ڕابردوودا، ٦٦٦ میداڵیان لە بوارە جیاوازەکانی وەرزشدا بە دەست هێناوە.

سایه‌ میرسادقی، جێگری گشتيی وەرزشی ئیدارەی وەرزش و لاوانی پارێزگای سنە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی "تەسنیم"، باسی لە دۆخی وەرزش لەم پارێزگایەدا کردووە و ڕایگەیاندووە: لە ئێستەدا ٦٤ هەزار و ٢٠٢ وەرزشکار لە ٣٦٤ هەیئەتدا لەم پارێزگایه خەریکی چالاکیی وەرزشین.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، کە لە ساڵی ڕابردوودا، ٤٧ تیم لە پارێزگای سنە، لە لیگەکانی ئێراندا بەشدارییان کردووە و توانیویانە لە ٢٣٧ کێبڕکێی قارەمانیی ئێراندا، ٦٦٦ میداڵی جۆراوجۆر بەدەست بێنن.

میرسادقی، ئاماژەی بەوە کردووە، کە بە داڕشتنی بەرنامە، دەیانەوێت کەسانی لێهاتوو بۆ بەشداری لە ئولەمپیکی ٢٠٢٤ ئامادە بکەن.

قسەکانی میرسادقی سەبارەت بە کەسانی لێهاتوو و دروستکردنی دەرفەت و هەروەها باس لە سەرکەوتنە وەرزشییەکان لە پارێزگای سنەدا لە حاڵێکدایە، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ بایەخێک بە زۆربەی وەرزشەکان نادات و زۆر جاریش بە دروستکردنی لەمپەر هەوڵی وەدواخستنی کەسانی شارەزا و لێهاتوو لە بواری خۆیاندا دەدات.

زۆربەی وەرزشوانانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەر نەبوونی پارە و هەروەها پاڵپشت ناچارن خۆیان زۆربەی تێچووەکانی یارییەکان و بەشداریکردن لە بوارە وەرزشییەکاندا دابین بکەن، نموونەی بەرچاویشی تیمی هەندباڵی کچانی شاری سنه بوو، کە پاش ١٦ ساڵ تێکۆشان و خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر لە لایەن یاریزانەکانییەوە، بە هۆی نەبوونی پاڵپشتی ماڵی و دۆخێکی سەخت کە بە سەریدا سەپابوو، لە لیگ لابرا.

ئەم تیمە بە هەموو کێشەکانی بەردەمیەوە یەکێک لە تیمە باشەکانی لیگی هەندباڵی ئێران بوو، کە بەبێ هەبوونی هیچ یاریزانێکی غەیرە کورد و پاڵپشتی ماڵی باشترین پلەی لە نێوان تیمەکانی لیگدا بۆ خۆی مسۆگەر دەکرد.