کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی کۆرۆنا لە دیواندەرە مەترسیدارە

12:30 - 20 بانەمەڕ 2720

سەرۆکی شورای شاری دیواندەرە، بەنیسبەت دۆخی کۆرۆنا لەو شارەدا هۆشداریی داوە و داوای پێکهێنانی کۆمیتەی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو شارەی کردووە.

"فەرەیدوون ئاقایی"، سەرۆکی شورای شاری دیواندەرە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ حەوتوونامەیەکی خۆجێیی ئەو شارە، داوای لە بەرپرسانی پارێزگای سنە کردووە کە هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دیواندەرە جیددی چاو لێ بکەن.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری و هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئەو شارە، دابڕگەکردن وڵامدەر نییە و تا کاتێک کە زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای سنە دۆخەکە جیددی چاو لێ نەکات، خەڵکیش ڕەچاوی ناکەن.

دیواندەرە یەکێک لەو شارانەیە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دۆخی "سوورە" و تا ئێستا بۆ ئەو دۆخە هیچ تەکبیرێک نەکراوە.

"ئاقایی" هەروەها وتوویەتی کە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆخە پێویستە کۆمیتەی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو شارەدا پێک بێت، ئەگەرنا لێکەوتەکانی ئەو دۆخە یەخەی بەڕێوبەریی زانکۆی زانستی پزیشکی لە پارێزگای سنە دەگرێتەوە.

بەپێی دوایین ئاماری ڕاگەیەندراو لەلایەن ڕێژیمەوە لە دیواندەرە، ٥ کەس بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و بەگشتی  ١٢٤ کەس تووشی کۆرۆنا بوونە.

لە دابەشکاریی نوێی ڕێژیمی ئێران بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی شار و پارێزگاکانی ئێران و کوردستان لە ڕووی ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە پارێزگای سنە، شاری دیواندەرە دۆخی سوور ڕاگەیەندراوە.