کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی کۆرۆنا لە ئێران و جیهاندا مەترسیدارتر بووە

13:42 - 27 خەرمانان 2720

ڕێکخراوی جیهانی تەندروستیی بەنیسبەت چوونەسەرەوەی تووشبووانی کۆرۆنا و نزیکبوونەوە لە وەرزی پاییز هۆشداری داوە و لە ئێرانیشدا تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا بەتایبەت لەنێو قوتابییاندا لە هەڵکشان دایە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانان، ڕێکخراوی جیهانی تەندروستیی لە بەرەبەری هاتنی وەرزی سارد و سەرما و بڵاوبوونەوەی ئانفۆڵانزا و کۆرۆنا هۆشداری داوە و ڕایگەیاندووە ڕێژەی تووشبووان و قوربانییان لە داهاتوودا زۆر زیاتر دەبێت.

هەروەها لە ئێراندا بەهۆی کرانەوەی قوتابخانەکان ڕێژەی تووشبووان لە نێو قوتابییان و بنەماڵەکانیاندا ڕوو لە هەڵکشانە و چەندین قوتابخانە بەهۆیەوە داخراون.

"شیرین جەهانگیری" سەرۆکی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری "شنۆ" داخرانی خوێندنەگەیەکی ئەو شارەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەنێو قوتابییەکاندا پشتڕاست کردەوە.

سێ قوتابیی لەو خوێندنەگەیەی"شنۆ"دا کە گومانی تووشبوونیان لەسەر بووە بۆ تاقیکاری ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون کە ئاکامی تاقیکاریی یەکێک لەو قوتابییانە ئەرێنی بووە.

هەرلەو پەیوەندییەدا لە پارێزگای "ئیسفەهان" لەدوای کرانەوەی خوێندگەکان لە وەرزی نوێی خوێندندا ١٦٣ قوتابیی تووشی کۆرۆنا بوونە و ٢ هەزار و ٨٦٣ قوتابیش یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەیان تووشی کۆرۆنا بوونە.

لەدوای کردنەوەی قوتابخانەکانی ئێران بە فەرمانی "ڕووحانی" بێ ڕەچاوکردنی هیچ پرۆتۆکۆلێکی تەندروستی زیاتر لە هەموو کاتێک قوتابییانی خستووەتە مەترسییەوە.