کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی کۆڵان و شەقامەکان لە کوردستان نالەبارە

12:00 - 12 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دۆخی کۆڵان و شەقامەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پاش تێپەڕینی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتی ناکارامەی ڕێژیمی ئێران، هێشتا کێشەسازە و ڕێژیم هەوڵی کردەیی بۆ چارەسەری نادات.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بەهۆی نەبوونی بەرنامەیەکی ڕێکوپێک بۆ کاناڵیزەکردنی پاشماوەی ئاوەڕۆوەکانی شاری مەڵەکشاهی سەر بە پارێزگای ئیلام، ئاوەڕۆ و پیساییەکانی شاری "ئەرکەوازیـ"ـی ناوەندی ئەو شارە، بەربووەتە نێو کۆڵان و شەقامەکانی شار.

ئەو دۆخە نالەبارە و نابەرپرسایەتیی بەرپرسان تا ئاستێک ڕۆیشتووە کە، ئیستا زەوییە کشتوکاڵییەکانیش کەوتوونەتە مەترسییەوە.

کەمتەرخەمیی بەرپرسان، سەرەڕای داواکارییەکانی خەڵک، بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ئەو شارە و هاووڵاتییان باسیان لەوە کردووە کە، "شۆرای شار" و "تۆڕی بێهداشت و دەرمان"، ئەو کەیسە دەخەنە ئەستۆی یەکتر و لە ئاکامیشدا بە بەڵێنیی درۆ و بێ کردەوە وڵامی خەڵک دەدەنەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، خەڵکی گەڕەکی "گوڵ سپیـ"ـی ڕوانسەر، ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە دۆخی ئەو گەڕەکە دەربڕیوە کە، شارەداری بە بیانووی نۆژەنکردنەوەی شەقام و کۆڵانەکان، دۆخی ئەو شوێنانەی تێک داوە و دواتریش خستوویەتە پشت گوێ.

خەڵک لەو بارەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە ئەو دۆخە هاتوچۆ و ژیانی خەڵکی لەو گەڕەکەدا خستووەتە کێشەوە و بەرپرسانیش بەرانبەری کەمتەرخەمن و ئاوڕ لە داواکانی خەڵک نادەنەوە.

شارەدارییەکانی ڕێژیمی ئیران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە مەبەستی پێشگرتنێکی سیستماتیک لە گەشەسەندنی شاریی پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، دۆخی شارەکانی کوردستان لە حاڵەتێکی مەنگدا دەهێڵێتەوە و هەوڵێکی کردەیی بۆ چارەسەریی کێشەکان نادات.