کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆزگەری شاری تاران هەڕەشەی لە شانۆیەک کردووە

10:51 - 2 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: دۆزگەری تاران داوای لە وەزارەتی ئیرشاد کردووە، ڕێی لە پیشاندانی شانۆیەک بگرن، کە لەگەڵ ڕێسا شەرعییەکان یەک ‌ناگرێتەوە.

هەواڵدەرییی حکوومەتیی ئیرنا، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێكەوتی ٢ی بەفرانبار، لە تویتێکدا ڕایگەیاند، کە دۆزگەری تاران سەبارەت بە شانۆی "بینەوایان" لێدوانی دا و وتوویەتی: "لەم دواییانەدا لە یەکێک لە هوتێلەکانی تاراندا شانۆیەک نمایش دەکرێت، کە حیجاب پێشێل دەکەن، ژن و پیاو تێکەڵاون، لەم شانۆیەدا ئاڵای فەڕانسە بەکار دەهێنن کە بە نیشانەی پشتیوانیی لەم دەوڵەتەیە و پێشێلکردنی سەروەرییەکانی وڵاتە".

 یەکێک لە بەکار‌هێنەرانی تویتێر لە کاردانەوە بەم قسانەی دادستانی تاران لە تویتێکدا نووسیویەتی: "جاری داهاتوو شوێنی ڕوودانی ڕۆمانی "بینەوایان" بگۆڕن بۆ لوبنان یان وێنزوێلا، کێشەکە چارەسەر دەبێت!"

دادستانی تاران هەڕەشەی کردووە، ئەگەر وەزارەتی ئیرشاد لە بەرانبەر ئەم شانۆیە کاردانەوەی نەبێت، دەزگای قەزایی "ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات و ئەو کاتە هیچ کەس نابێت گلەیی بکات".

پێشێلکردنی سەروەرییەکانی وڵات لە ڕوانگەی دۆزگەری ڕێژیم لە کاتێکدایە، کە ڕێژیم خۆی سەروەرییەکانی وڵات پێشێل دەکات و ساڵانە داهات و سامانەکانی وڵاتی ئێران لە پێناو بەرژەوەندییە تیرۆریستییەکانی و خزمەتکردن بە گرووپە توندڕەوە تێرۆریستییەکان بەکار دەهێنێت و خەڵکی ئێران لە دۆخێکی ئابووریی خراپدا دەژین و بە ئەستەم دەتوانن نانی شەویان دابین بکەن.

 وادیارە بۆ بەرپرسانی ڕێژیم خەرجکردنی داهاتی وڵات لە خزمەتی گرووپە تیرۆریستییەکان پێشێلکردنی سەروەرییەکانی وڵات نەبێت، بەڵام نیشاندانی ئاڵای وڵاتێکی دیکە لە کارێکی هونەری بەناوبانگی وەک "بینەوایان" سەروەرییەکانی وڵاتەکەیان دەکەوێتە مەترسییەوە.