کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆزینەوەی شوێنەوار و ئاسەواری مێژوویی لە سەقز و بە تاڵانبردنی لەلایەن ڕێژیمەوە

13:20 - 14 خاکەلێوه 2721

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شوێنەوار و ئاسەواری زۆر دێرین و مێژوویی لە گەڕەکی "حەمەڵاوای سەرەوە" لە شەهرەکی مووکریان لە تەنیشت دیواری هێزی ئینتزامیی سەقز دۆزراوەتەوە و ڕێژیم لەو شوێنەدا خەریکی هەڵکۆڵینە.

لەم شوێنەدا دیواری کۆن و گۆڕستان دۆزراونەتەوە و هەتا ئێستا جگە لە کۆمەڵێک ئاسەوار، مۆمیایی ژن و پیاوێک لە تەنیشت یەکتر پەیدا بووە کە مێژووکەیان بۆ زیاتر لە ٥ هەزار ساڵ پێش دەگەڕێتەوە.

هەتا ئێستا سەدان شوێنی مێژوویی و ئاسەواری کۆن لە سەقز دۆزراونەتەوە و لەلایەن ڕێژیمەوە بە تاڵان براون.

بە بیانووی ئەوەی لە سەقز مۆزەخانە نییە، ڕێژیم وتوویەتی کە ئەم ئاسەوارانە دەبەنە مۆزەخانەی شاری سنە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە سەدان جار شتی وا ڕووی داوە و ئاسەوارێکی وا ڕادەستی مۆزەخانەی سنە نەکراوە.

مێژووی سەقز بۆ زیاتر لە ٧ هەزار ساڵ پێش دەگەڕێتەوە و بە سەدان شوێن و ئاسەواری بێوێنەی تێدا دۆزراوەتەوە، ئەم شارە مۆزەخانەی نییە و ئاسەوارەکانی لەلایەن ڕێژیم و دەستوپێوەندییەکانیەوە بە تاڵان دەبرێت.