لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی چەند بەڵگەیان لە سەر دوو بنکەی ناوکیی ئێران بەدەست هێناوە کە دەرخەری ئەوەیە ڕێژیمی ئێران هەوڵی جیددی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی دەدات.
ڕۆژنامەی ''واڵستریت ژورناڵ'' ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕێبەندان، لە زاری سێ دیپڵۆماتەوە بڵاوی کردووەتەوە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە ڕەوتی پشکنینی دوو بنکەی ناوکیی ئێراندا، دەستییان بەو بەڵگانە گەیشتووە.
بەوتەی ئەو دیپڵۆماتانە، کە شوناسیان بڵاو نەبووەتەوە، لە لێکۆلینەوەکانیان ئاسەواری مەوادی ڕادیۆئەکتیویان دۆزیوەتەوە کە نیشان دەدات ڕێژیمی ئێران بۆ گەیشتین بە چەکی ناوکی دەست بەکار بووە.
ڕێژیمی ئێران ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی ٧ مانگ ئەم دوو بنکە ناوکییەی بە ڕووی پشکێنەرانی ئاژانسی وزەی ناوکی داخستبوو، کە بوو بەهۆی ئەوەیکە یەکەم بڕیارنامەی شۆرای حوکام لە دژی ڕێژیمی ئێران دەربچێت.
ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران لە پێشێلکردنی بەڵینییەکان و سنووردارکردنی پشکنینەکانی ئاژانسی وزەی ناوکی لە دامەزراوە ناوکییەکانی، نیگەرانیی زۆری لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و ناوچەکە پێک هێناوە.
هەر لەو پێوەندییەدا چەند ڕۆژ لەمەوە بەر''ئانتۆنی بلینکێن''وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی ''ئێن بی سی'' وتوبووی، ئەگەر ڕێژیمی ئێران درێژە بە پێشێلکردنی بەڵێنییەکانی ڕێکەوتنی ناوکی بدات، لە چەند حەوتووی دیکەدا ئەگەری هەیە دەستی بە کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی ڕابگات.