کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆسیەسازیی قەزایی بۆ مامۆستایەکی کورد لە شاری ورمێ

12:37 - 16 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا:  لقی ٥ی دادسەرای گشتیی ڕێژیمی ئێران لە شاری ورمێدا، دۆسیەیەکی قەزایی بۆ مامۆستایەکی کورد ساز کردووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەشەمە، مامۆستایەکی کورد بە ناوی "پەیمان نەقشبەندی" پاش سازکردنی دۆسیەیەکی قەزایی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە بە دژی نیزام"، لە لقی ٥ی دادسەرای گشتیی شاری ورمێ، بە دانانی بارمتەی ٢٠ میلیۆن تەمەنی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو مامۆستا کوردە، لە گوندی "ڕەشکانـ"ـی شاری ورمێ وانە بە منداڵان دەڵێتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی ڕەشەمە، پەیمان نەقشبەندی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام و خوێندنەوەی شێعری سیاسی لە پۆلی خوێندن"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

هاوکات ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی ڕەشەمە، ئەم مامۆستا کوردە، پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم شاری ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوێزرایەوە.