کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆسیەی شارەداریی مەهاباد قورستر دەبێتەوە

11:53 - 8 گەلاوێژ 2720

شارەداریی مەهاباد نوقمی قەیران بووە و گەندەڵیی ماڵیی کاربەدەستانی ئەو ئیدارەیەی ڕێژیم لە ئاستێکدایە کە ئەگەری ئەوە هەیە شورای ئەو شارە هەڵوەشێتەوە.

لە درێژەی گەندەڵیی ماڵیی شارەداریی مەهاباد، نزیک بە ١٠ کەس لە کاربەدەستانی ئەو ئیدارەیەی ڕێژیم هەتا ئێستا دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژ، دوو کەسی دیکە لە ئەندامانی ئەو شورایە بە ناوەکانی "یووسف ئەحمەدپوور و تاهیر نیازمەند" لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژ، ٥ کەس لە کارمەندانی شارەداریی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران.

شوناسی ئەو کاربەدەستانەی شارەداری کە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژ دەسبەسەر کرابوون بەم چەشنەیە: "ئارمان کەریمی، فاخر بایزیدی (بنەماڵەیەکی سەر بە ڕێژیمی ئێران)، ئاوارە (عومران) عەلیزادە، سەید حەسەن سەید ئەمینی (بەرپرسی ئەملاک) و سەعید مستەفا نژاد".

ئەو ٥ کەسە لە کارمەندانی شارەدارین و لە بەشی شارسازیدا کار دەکەن. هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو کەسانە بۆ گەندەڵی و دزی دەگەڕێتەوە.

هاوکات باس لەوە دەکرێت، "حامید حەیدەری" شورای شاری مەهاباد و برایەکی موهەندیس "کەریمی" لەلایەن حیفازەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.

شارەداریی مەهاباد بە ویستی خەڵک دانەنراوە و ئەو ئیدارەیە خزمەتگوزای ناکات. شارەداریی مەهاباد وەک یەکێک لە ئیدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیا لەوەیکە تەنگی به خەڵک هەڵچنیوە، لە هەمان کاتیشدا ڕێگری لە دروستکردنی بیناسازی لە خەڵک دەکات.

هاووڵاتییانی مەهاباد به دانانی "کامران فاتح" وەک شارەداریی ئەو شارە ناڕازین، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو پێشتر لە شارەداریی پیرانشاردا گەندەڵیی کردووە و یەکێک له مۆرەکانی ڕێژیمی ئێرانه.