کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆسیەی فڕۆکەی ئۆکراینی درێژەی هەیە

16:49 - 1 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەر، "ئیرنا وندیکتوا"  دادستانی گشتیی "ئۆکراین" چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ "حامید ئیسماعیلیوون" وتەبێژی ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ٥٧٢ پێک هێنا.

بەدوای ئەو چاوەپێکەوتنە "وندیکتوا"، "ئۆکراین" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بڕیاری ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە هاوکاریکردنی لە دۆسیەی فڕۆکەی "ئۆکراینـ"ـیدا لە ئاستی بەڵێنیدا ماوەتەوە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە دوو وڵاتی "ئێران و ئۆکراین" لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەنیسبەت ئەو دۆسیەیە جیا لە یەک، کاریان کردووە و وڵاتی "ئۆکراین" هیچ ئاگادارییەکی لەسەر لێکۆڵینەوەکانی ڕێژیمی ئێران نییە.

لەلایەکی دیکەوە وڵاتانی دیکە لەو ڕووداوەدا هیچ هەوڵێکیان بۆ پێکهێنانی گرووپێکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕووداوە ئەنجام نەداوە.

ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨ فڕۆکەی بووئینگی ٧٣٧ی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین، لەلایەن پەدافەندی ئاسمانیی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە و لە ئەنجامدا ١٧٦ موسافیری ئەو فڕۆکەیە گیانیان لەدەست دا.

ڕێژیمی ئێران سەرەتا نکۆڵیی لەو کردەوە کرد و دواتر دانی بەوەدا نا کە سپای پاسداران بە مووشەک لێی داوە.