کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆلار دەگاتە ٢٩ هەزار تمەن

12:04 - 4 رەزبەر 2720

بەرزبوونەوەی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران و کوردستان بەردەوام نرخێکی نوێ تۆمار دەکات و هەر دۆلار دەگاتە ٢٩ هەزار تمەن.

میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران  نرخێکی جیاواز لە دۆلار بڵاو دەکەنەوە کە لەگەڵ نرخی ئەسڵیی جیاوازیی هەیە.

لە دوای گەمارۆکانی ئامریکا نرخی تمەن بەرەبەرە دابەزی و ئیستاش بەردەوام بەرز دەبێتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەردەوام کاردانەوەی نێوخۆیی و دەرەوەی لێکەتووەتەوە.

"باراک ئۆباما" سەرکۆماری پێشووی ئامریکا ساڵی ٢٠١٢ی زایینی لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردن باسی لەوە کرد دابەزینی بەهای تمەن نیشانەی کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکانە.

بەپێی لێداون و قسەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، چاوەڕوان دەکرێت کە نرخی دۆلار لەوە کە هەیە زیاتر بێت و هیچ ئۆرگانێکی ڕێژیمیش توانای کۆنتڕۆڵی نابێت، چونکە گەمارۆی ئابووریی هێزی ئابووریی ئێرانی لە کار خستووە.

لەم پێوەندییەدا ڕەخنەگرانی ڕێژیمی ئێران، لەسەر ئەو باوەڕەن، کە بەرزبوونەوەی دۆلار و یۆرۆ بە مەبەستی قەرەبوو کردنەوەی کەمیی بوودجەی ڕێژیمە و بەم بۆنەوە ڕێژیم دەستی لە نێو بازاڕەکانی دۆلار وەر داوە.

بەرپرسانی ڕێژیم بەتایبەتی بانکی ناوەندی ئێران، بە بەردەوامی دروشمی ئەوە دەدەن، کە بازاڕی ئەرز لە کۆنتڕۆڵیانە و بەرنامەی تایبەتیان هەیە بۆ پڕبایەخکردنی تمەن لە ئێراندا، بەڵام لە بازاڕدا دەبینرێت، نەتەنیا لە کۆنتڕۆڵیاندا نییە، بەڵکوو هیچ بەرنامەیەکیشیان بۆ چارەسەریی قەیرانی ئەرز نییە.