کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا گەیشتە ١٣ هەزار تمەن

11:55 - 30 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، نرخی دۆلار و ئەرز، لە بازاڕەکانی ئێراندا، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرەو هەڵکشانە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی ڕێبەندان، جارێکی دیکە، نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا بەرز بووەوە و لە بەراورد لەگەڵ ڕۆژی ڕابردوودا، نزیک بە ٥٥٠ تمەن (٤/٥) و لە چاو ساڵی ڕابردوودا، نزیک سێ بەرانبەر چووەتە سەرەوە، نرخی دۆلار لە ٢٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا، ٤٥٧٥ تمەن بووە.

بەپێی لێکدانەوەکان، پێدەچێت هەڵپساردنی گەڵاڵەی کونوانسیۆنی بەربەرەکانێ لەگەڵ تاوانە ڕێکخراوەییەکانی (پالرموو)، لە لایەن کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمەوە، بووەتە هۆی چوونەسەرەوەی نرخی دۆلار، کە لە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی ڕێبەندان، نزیک بە هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیاندنی بەشێک لە ئەندامانی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، ئەم کۆڕە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندان، نەیتوانی لەسەر پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی پالرموو بە ئەنجام بگات و ڕێککەوتن لەم بارەوە کەوتووەتە کۆبوونەوەی داهاتوو.

بەربەرەکانێ لەگەڵ تاوانە ڕێکخراوەییەکان، کە بە پالرموو ناسراوە، یەکێک لە چوار گەڵاڵەی ڕێژیم بۆ بەدیهێنانی چاوەڕوانییەکانی گرووپی تایبەتی کاری ماڵیی (ئف.ئەی.تی.ئفـ)ـە، کە ئەم دامەزراوە نێونەتەوەیییە بەدژی سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانیی ماڵیی تێرۆریزم، لە ڕەزبەری ئەمساڵەوە بۆ ماوەی چوار مانگ دەرفەتی بە ڕێژیمی ئێران داوە، هەتا ئەم گەڵاڵەیە پەسەند بکات.

ڕێژیمی ئێران کە دەسەڵاتەکەی لەسەر تێرۆر و تێرۆریزم دامەزراندووە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەم گەڵاڵەیە پەسەند بکات وەکوو جاران ناتوانێت پشتیوانیی لە تێرۆریستەکانی ناوچەکە و جیهان بکات، لە پەسەندکردنی وەها گەڵاڵەیەک خۆی دەبوێرێت و ئاکامی ئەم سەرەڕۆییەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دەسکورتی و هەژاری خەڵکی ئێرانە.