کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆلار لە ئێران دەبێتە ٢٠ هەزار تمەن

13:22 - 10 بانەمەڕ 2720

ئابووریناسێک باس لە چوونەسەرەوەی نرخی دۆلار تا کۆتایی وەرزی هاوین دەکات کە دەگاتە ٢٠ هەزار تمەن و ئەمە نیشانەی چوونەدەرەوەی کۆنترۆڵی سەقامگیریی بازاڕ لە دەستی بانکی ناوەندیی ڕێژیمە.

ئابووریناسێک بە ناوی "ئالبێرت بۆغزییان"، ڕایگەیاندووە کە کۆنترۆڵی نرخی دراو لە دەستی بانکی ناوەندیی ڕێژیمدایە و بەو ڕێڕەوەی کە دەیپێوێت و ئیرادەیەک کە ئیتر بۆ پێکهێنانی سەقامگیری لە بازاڕدا بوونی نییە، نرخی دۆلار تا کۆتایی وەرزی هاوین دەگاتە ٢٠ هەزار تمەن.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی، بانکی ناوەندی خۆی دەیزانی کە کەمکردنەوەی نرخی سوودی ئەسپەردە بانکییەکان دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نەختینەیی لە بانکەکاندا و ڕەوانەبوونی ئەو نەختینەییە بۆ نێو بازاڕە هاوتەریبەکان، بەڵام دیار نییە کە بۆچی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پەسەندکراوە شێلگیر بوو.

چوونە سەرەوەی نرخی دۆلار دەبێتە هۆی کێشەگەلێکی ئابووریی وەک: "هەڵاوسانی ئابووری، بێکاری، زۆربوونی نەختینەیی و لە هەمان کاتدا کەمبوونەوەی نرخی دراوی ئەو وڵاتە" و کۆمەڵێک کێشەی ئابووریی دیکە و هەرچی زیاتر ئەو ڕێژیمە بەرەو داڕمانی ئابووری دەبات.