کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆلار ڕێکۆردی ٤٣ ڕۆژی ڕابردووی شکاند

11:50 - 11 خەرمانان 2720

بەهۆی گەندەڵیی سیستماتیکی ئابووریی دەزگا ماڵییەکانی ڕێژیمی ئێران و هەروەها گەمارۆکانی ئامریکا، نرخی دۆلار لەو وڵاتەدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و دۆخی خەڵک تا دێت قەیراناویتر دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ماڵپەڕی دراو و زێڕی ڕێژیمی ئێران، نرخی دۆلاری ئامریکا لە بازاڕە ئازادەکانی ئێراندا ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانان، لە کاناڵی ٢٤ هەزار تمەن تێپەڕی و بوو بە ٢٤ هەزار و ١٠٠ تمەن.

هەروەها بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران نرخی دۆلاری فەرمیی ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەن ڕاگەیاندووە.

لە بازاڕەکانی ئێران هەر مسقاڵ زێڕی ١٨ عەیار، ٤ ملیۆن و ٧٣٧ هەزار تمەن و هەر سککەیەک بە ١١ ملیۆن و ٣٤٠ هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ کراوە.

نرخی دۆلار لە ئێران پەیوەندیی بە دوو فاکتەری سەرەکییەوە هەیە کە بریتییە لە "گەڕانەوەی دراوی هەناردەکراو" و "گەڕانەوەی سەرچاوە دراوییە بلووکە کراوەکان".

گەڕانەوەی دراوە هەناردەکراوەکان بابەتێکی نێوخۆییە و سەرچاوە لە گەندەڵیی سیستماتیکی ماڵی لە نێوخۆی وڵاتەوە دەگرێت و بلووکەکرانی سەرچاوە دراوییەکانیش گرێدراوە بە گەمارۆکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران.