کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی گەورەترین کڵاولەسەردانانی سەدە بووە

12:34 - 18 پووشپەڕ 2720

بەپێی وتەی بەرپرسێکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی گەورەترین درۆی ئەم سەدەیە بووە و دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی بۆ کڵاولەسەرنانی خەڵک نەبێت هیچی دیکە نەبووە.

"مەجید مەوافق قەدیری" سەرۆکی ئەنجوومەنی پیشەی ئاژەڵدارانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، پارەی دیاریکراو لەلایەن دەوڵەتی ڕووحانییەوە بۆ کڵاولەسەرنانی خەڵک بووە و زیاتر لە ٨٠ لەسەدی سێ کوچکەی دەوڵەت، بەرهەمهێنەر و بەرهەمخۆر تامی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنیان نەچێشتووە.

"مەوافق قەدیری" هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو سیاسەتە، سیاسەتێکی هەڵە بووە و هەنووکەش درێژەی هەیە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وەک نموونە باسی لە گرانبوونی گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا کردووە و وتوویەتی: "هەموو کاتێک بازاڕێکی ڕەش و نافەرمی زاڵ بووە بەسەر بازاڕی فەرمیدا، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی گەرانبوون و چوونەسەرەوەی نرخی گۆشتی سوورە".

هەرلەو پەیوەندییەدا ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی: "پێشتر هەر کیلۆ گەنمەشامی بەپێی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی بە ٢٥٠٠ تمەن دەفروشرا، بەڵام لە بازاڕی ڕەش و نافەرمیدا بە ٧٥٠٠ تمەن کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە کە ئەمەش ناسەقامگیری و بێ سەروبەرەیی بازاڕی لێکەوتووەتەوە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی پیشەی ئاژەڵدارانی ڕێژیم باسی لە شوێندانەریی نەرێنیی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ئابووریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە کە لەسەر هەموو جوومگەکانی دامەزراوە ئابوورییەکان جێ پەنجەی بەڕوونی دیار و بەرچاوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی بۆ ماوەی کاتی بازاڕ کۆنترۆڵ بکات و سەقامگیری بگەڕێنێتەوە بۆ ئابوورییە داڕماوەکەی، دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنیی ڕاگەیاند کە تەنیا بۆ درۆ، چەواشەکاری و خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن بووە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ڕێگریکردن لە هەڵاوسان، گرانی و بێ سەروبەرەیی بازاڕدا نەبووە.