کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان لە مەریوان پەرەی سەندووە

11:08 - 17 بەفرانبار 2720

دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان لە شاری مەریوان پەرەی سەندووە و ڕێژیم بەرانبەری کەمتەرخەمە و ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانیی خەڵک.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" لە مەریوان دیاردەی دزێوی کۆمەڵایەتیی "دزیکردن" زۆر بووەتەوە و وای لێ هاتووە کەس لەو شارەدا ناوێرێت ماڵەکەی بەجێ بهێڵێت.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە کۆمەڵێک چەقۆکێشی سەر بە ڕێژیم بە ڕۆژی ڕۆشندا ڕێگا لە خەڵک دەگرن و بە زۆری پارە لە خەڵک وەردەگرن و ئاگاهیی ڕێژیمیش کاری بەسەریانەوە نییە.

هاووڵاتیەک لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە هیچ ئەمنییەتێک لەو شارەدا نەماوە و ئەگەر شەڕێکیش ڕوو بدات و پەیوەندی بە پۆلیسەوە بگیردرێت، زیاتر لە دوو کاتژمێر دەخایەنێت هەتا خۆیان دەگەیەننە شوێنی ڕووداوەکە.

جگە لە دیاردەی "دزیکردن"، "خووگری" و "فرۆشتنی مادە سڕکەرەکانـ"ـیش لەو شارەدا پەرەی سەندووە و ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانیی قووڵی خەڵکی ئەو شارە لەو دۆخە.

هۆکاری پەرەسەندنی ئەو دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییانە خودی ڕێژیمە کە هەوڵ دەدات خەڵکی کوردستان بە دیاردەگەلێکی وەهاوە تووش بکات، بۆ ئەوەی لاوان و چینی چالاکی کۆمەڵگا هێز و توانایان لەبەردا نەمێنێت و لەلایەکی دیکەشەوە کولتووری کۆمەڵایەتی دەخاتە کێشەوە.