کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان و ئێران ڕوو لە هەڵکشانە

12:57 - 19 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە شەقامی "کاشانـ"ـی شاری "ورمێ"، شۆفیرێک بەهۆی جۆری پۆشینی جلوبەرگ هۆشداریی بە دوو ژن دەدا بەڵام ئەو دوو ژنە گوێ بەو هۆشدارییە نادەن و لە ئاکامدا ئەو شۆفیرە لە هەوڵێکی سەرسووڕهێنەردا ئەو ژنانەی وەبەر ماشین داوە.

لەو هەوڵەدا ژنێک بەسەختی بریندار بووە و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

لەلایەکی ترەوە لە پارێزگای ورمێ، ژنێک هاوسەرەکەی خۆی کوشت.

هەروەها چەند ڕۆژ پێش لە شاری "سنە" بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە پیاوێک هاوسەر و بنەماڵەی هاوسەرەکەی بە چەک کوشت و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. پێش ئەو کارەساتەش لە گەڕەکی "حاجی ئاباد"ی ئەو شارە دوو خوشک بە دەستی پیاوێک کوژران.

لەلایەکی دیکەوە و لە چەند حەوتووی ڕابردوودا لە شاری "سەردەشت"، پیاوێک دوو ژن کە یەکیان هاوسەری بوو بە چەک کوشتن، پاشان ئەو پیاوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەندێک دابونەریت و کولتووری هەڵە، قەیرانە ئابوورییەکان و سیستمی گەندەڵ و سەرەڕۆ و هەروەها یاسای دژە ژنی ڕێژیم، بوونەتە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان و ئێراندا.