کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی شاری سەقز

18:18 - 9 خەرمانان 2720

نیشتمان

هەر یەک لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕادەیەک بۆ کۆمەڵگا زەرەرمەندن و بەردەوام تاکەکانی کۆمەڵگا بە جۆرێک تووشی خەسارگەلێکی مادی و مەعنەوی دەکەن. لەم ساڵانەی دواییندا و بەتایبەت لە هەنووکەدا، گەورەترین قەیرانی وڵاتی ئێران هەژاری و بێکاری و گرانییە کە دەرهاویشتەگەلێکی نەخوازراوی بۆ بنەماڵەکان و تاکەکان وەکوو هەژاریی ئابووری، تاوانباری، ئێعتیاد، گەندەڵی، کێشەگەلی دەروونی و دابەزینی ڕێژەی پێوەندییە بنەماڵەییەکان بووە. ئەم کێشانە لە درێژماوەدا دەبنە هۆی بەلاڕێدابردنی بەها کۆماڵایەتییەکان کە بە ئاسانی بنەما ڕەسەنەکانی نێو ئەو کۆمەڵگایە لەنێو دەبات. بۆ نموونە، بنەماڵەیەک کە بەهۆی ئێعتیاد و بێکارییەوە لە یەک ترازاوە، بابەتێکی گرینگی بۆ پاراستن یان لەدەستدان نییە و هەر بۆیە پێشێلکردنی یاسا و ئەنجامی تاوان دەبێتە عادەت و بەشێکی سەرەکیی ڕەفتار و کردەوەی تاکەکانی ئەو بنەماڵەیە.

شاری سەقز یەکێک لەو شارە پڕحەشیمەتانەی ڕۆژهەڵاتە کە بە درێژایی مێژووی پڕ لە گەندەڵی و ستەمی کۆماری ئیسلامییەوە هەمووکات ڕووبەڕووی دیاردەگەلێکی وەکوو بێکاری، دزی، ئێعتیاد، چەقۆکێشی و تەڵاق و... بووەتەوە و بەردەوام لە ڕیزی ئەو شارانەدایە کە ئاستی بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسانی جێگای نیگەرانی و دەرخەری قووڵایی ئەو کارەساتەیە. بەجۆڕێک کە لەم ماوانەی دواییندا چەقۆکێشی و بەکارهێنانی چەقۆ لەلایەن مێرمنداڵان و تازەلاوانی ژێر ٢٥ ساڵ، لەنێو کوچە و کۆڵان و پارکەکاندا کارەساتی خولقاندووە و کەسانێکی کردووەتە قوربانی کە بەهۆی قووڵبوونی برینەکانیانەوە دەچنە کۆماوە یان گیان لەدەست دەدەن و ئەوانیش هەر زۆرینەیان مێرمنداڵ و لاون. بەنیسبەت ئەم بابەتەوە لە ڕووی دەروونناسییەوە هەست و ڕوانگەیەک لە خەڵکدا و بەتایبەت لە لاوان و تازە‌لاواندا دروست بووە کە بەو باوەڕەیان دەگەیەنێت کە نەبوونی ئەمنییەت وا دەکات بۆ پاراستن و بەرگری لە خۆیان دەبێ چەقۆ یان سیلاحێکی ساردی دیکەیان بۆ بەرگری لە خۆیان بەردەوام پێ بێت و بەکاری بێنن.

لەلایەکی دیکەوە، دیاردەی دزی و بڕینی قوفڵی دوکانەکانی بەرگاراج و بەرسینەمای ئەو شارە لەم شەوانەی دواییندا لە حاڵێکدا سەری ‌هەڵداوەتەوە کە مەئمورانی ئاگایی و ١١٠ بە نێو شەقام و گەڕەکەکاندا شەوانە گەشت دەکەن و بە مانۆڕی ئاژیری خەتەر حوزووری خۆی ڕادەگەیەنن و هەروەهاش زۆربەی ئەو دوکانانە یان بۆ خۆیان یان دوکانی تەنیشتیان لە کامێرای چاودێری کەڵک وەردەگرن و ئەمە لە حاڵەتی ئاساییدا دەبێ بەربەستێک بێت بۆ ئەنجامی دزی و تاوانی لەو جۆرە؛ بەڵام بەرزبوونەوەی ئەم تاوانانە دەریدەخات کە گوشاری ئابووریی سەر خەڵک زیاتر لەو شتەیە وا باسی لەسەر دەکرێت و تەنانەت تاکی دز نە متمانەی بە یاسا هەیە و نە دەرەنجامەکانی ئەو تاوانەی لا گرینگە.

کێشەی ئێعتیاد و تووشبووانی ماددە سڕکەرەکانی ژێر پردی حەماڵاوا و قەوەخ و کەوەسوار بەردەوام هەروەک ساڵانی ڕابردوو مەترسیی ئەمنییەت و بێهداشتی لەسەر هاوشارییان و بەتایبەت نیشتەجێیانی نزیک لەو شوێنانە و هەروەها کەسانێک کە بۆ گەشت و سەیران ڕوو لەو چەند شوێنە دەکەن، ساز کردووە.

یەکێکی دیکە لە گرفتە هەرە بەرچاوەکانی شاری سەقز بەرزبوونەوەی زیادە لە حەدی نرخی کرێ ‌ماڵ و کرێ ‌دوکانە کە وای کردووە زۆربەی دوکان و ماڵەکانی ئەو شارە چۆڵ بکرێت و خەڵکی کرێچی بۆ دەستخستنی کار و بژێویی ژیان و هەروەها ڕزگار بوون لە کرێ ‌ماڵ و کرێ ‌دوکانی زۆر ڕوو بکاتە درگاوانی (سرایداری) لە شارە غەیری کوردەکان. یان لە پەراوێزی شاردا و لە مەوقعیەتێکی نالەباردا خانوو بە کرێ دەگرێت کە خۆی دەبێتە مەترسی و هۆکاری زۆربەی کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان.

سیاسەتی بەبرسی کردن و بەبرسی هێشتنەوەی ڕۆژهەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی تاوانەکان لە کۆمەڵگای کوردیدایە کە بەردەوام دەبێتە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی کێشەگەلی وەکوو بێکاری، دزی، ئێعتیاد، تەڵاق، خۆکوژی، گەندەڵیی ئەخلاقی، کێشەگەلی دەروونی، پەراوێزنشینی و... هتد. دیارە ئەم کێشانە لە هەر کۆمەڵگایەک و لە هەر حکوومەتێکدا بوونیان هەیە و دیاردەگەلێکی جیهانین، بەڵام شێوازی چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە و جۆری پلانداڕشتن و بەڕێوەبردنی هەنگاوە کردەوەییەکان بەنیسبەت ئەم گرفتانەوە گرینگە و ئەگەر بە شێوازێکی دروست و گونجاو و لەلایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕ هەوڵی بۆ بدرێت، دەتوانێت بە باشی چارەسەر بکرێت و ببێتە ئەزموونێکی باش بۆ داهاتوو و و هەروەها بۆ وڵاتانی دیکە. کەمتەرخەمی و پەرەپێدانی بەئەنقەستی ئەم گرفتانە لە ڕۆژهەڵاتدا ئەوە دەردەخات کە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە هیچ نرخێکیان بۆ حکوومەت نییە و تەنیا ئامانجی ڕێژیم مانەوەی خۆی لەسەر کورسی دەسەڵاتی ستەم و فەسادە کە ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کێشانەدا تەنیا و تەنیا لە پەیڕەوی کردن لە وانە ئایینییەکان و ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهدا پێشنیار دەکات.

بە ڕوونی دەبیندرێت کە لە بۆنە مێژووییەکاندا و هەروەها لە خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکاندا بە ڕێژەیەکی زۆر مەئموور و بەکرێگیراو و جاش و پاسداری ڕێژیم بۆ سەرکوتی خەڵک بوونیان هەیە و بە باشی دەتوانن خەڵکی ناڕازی و تەنانەت ئاساییش دەسبەسەر بکەن، بەڵام لە کاتی شەڕ و تێکهەڵچوونی خەڵک لەنێو پارک یان شەقامەکان یان تەنانەت لە کاتی دزی لە شەقامێکی سەرەکیدا هیچ مەئمورێک بۆ ڕێگریکردن و کۆنترۆڵی دۆخەکە بوونی نییە. کەوابوو لە هەنووکەدا تەنیا ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کێشانەدا بردنەسەرەوەی ئاستی زانیاریی بنەماڵەکان و بەتایبەت لاوان و تازە‌لاوانە کە پێویستە خۆیان لەو مەترسییانەی وا دەزگای ستەم و درۆ و دژەکوردی کۆماری ئیسلامی  ڕێکی خستووە خۆ ببوێرن و خۆیان بە زانیاری و کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان واکسینە بکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.