کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاردەی "دزیکردن" لە کوردستان زۆر زیاتر لە جاران پەرەی سەندووە

11:54 - 31 خەرمانان 2720

بەهۆی گرانی، بێکاری، دۆخی خراپی ژیان لە کوردستان، دیاردەی دزێوی دزیکردن لە پارێزگای "سنە" لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین بەرابەر زۆرتر بووە.

بەپێی زانیاریی بنکە و ناوەندەکانی ڕێژیم لە شاری "سنە"، دیاردەی دزیکردن لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا لەنێو ئەو کەسانەدا کە پێشتر دز نەبوونە و دەستیان لەو کارەدا نەبووە، ڕێژەیان زیاتر بووە و ئامارەکان لەوبارەوە جێگای نیگەرانییە.

ئەو بنکە و ناوەندانەی ڕێژیم هەروەها باسیان لەوە کردووە: "پێشتر ئەگەر لە شوێنێک دزی دەکرا دەمانزانی کە باندێک یان کەسانێکی ناسراو کە پێشتر پێشینەیان هەبووە بکەری ئەو کارە بوونە، بەڵام ئێستا زیاتر ئەو کردەوە لەلایەن کەسانێکەوە دەکرێن کە پێشتر پێشینەیەکیان لەو بوارەوە نەبووە".

زۆرتربوونی ئەو دیاردەیە لەنێو خەڵکدا دەرخەری ئەوپەڕی خراپیی دۆخی ئابوورییە لە کوردستان و لە ئەگەری زیاتربوونی گوشاری ئابووری لەسەر خەڵک، چەندین دیاردەی دیکە ڕوو لە کۆمەڵگا دەکات و شیرازەی کۆمەڵگا و بنەما کۆمەڵایەتییەکان تێک دەدات.