کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیجیتاڵ میدیا باشە بۆ دێموکراسی یان خراپە؟

17:23 - 20 رێبەندان 2719

ئەژین بەهرامی

لەگەڵ دروستبونی پەیوەندیی ئازاد لە سەرانسەری دونیا، لە ڕێگەی سیستەمە ئانلاینەکانی وەک تویتێر و فەیسبووک و...، بناغەی دروستبوونی شۆڕشێکی دیجیتاڵی دروست دەبێت. ئامرازگەلێک کە ڕێگەخۆشکەرن بۆ هاوڕێیەتیی جیهانی.

دیجیتاڵ میدیای ئازاد خوازیاری شکاندنی بەربەستە دواکەوتووەکانە کە ڕێگرن لە بەردەم دەرکەوتنی مرۆڤایەتی و بیر و ڕوانینە جیاوازەکان، هەروەها خوازیاری شکاندنی هەموو دەرگا داخراوەکانی سەر دونیای دەرنەکەوتەی هزر و بۆچوونە جیاوازەکانە کە دەتوانن ببن بە دوایین و بەهێزترین سەرچاوەی زانیاری، بەمەش کەشی دێموکراسی لە ئاڵوگۆڕی زانیاریی جیهانی  پێک دێت. 

هەنووکە دارێژەرانی یاسا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن کە چۆن بتوانن پارێزگاری بکەن لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی سیاسی و زانیارییە تاکە کەسییەکانی مرۆڤایەتی لە بڵاوبوونەوەی لە دیجیتاڵ میدیای ئانلایندا.

ڕەخنەگران، ڕەخنەدەگرن لە دیجیتاڵ میدیا و ڕاگەیاندنە کۆمەڵایەتییەکان کە لە جیاتی دروستکردنی یەکگرتوویی و گەیاندنی زانیاری، دووبەرەکی و جیاوازییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان زیاتر دەکەن و باوەڕمەندبوون بە بنەماکانی دێموکراسی لەنێو دەبەن.

ئایا هەنووکە هێزی دیجیتاڵ میدیا وەک هێزێکی  بێوێنە و بەرفراوانی پەیوەندی و گەیاندن لە جیهاندا بۆ سوودگەیاندن بە مرۆڤایەتی کەڵکی لێ وەردەگیردرێت؟

ئایا لەژێر پێ نانی بناغە و بنەماکانی ئامانجی ئەم سیستەمە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر هەموو ڕێکخاوە دێموکراتییەکەکانی جیهانی و سیستەمی ڕێکخستنی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان؟

دیجیتاڵ میدیا و داهێنانە نوێیەکانی میدیای دیجیتاڵی پڕ لە زانیاری خەریکی گۆڕینی پێکهاتە و باڵانسی هێزن لە سەرانسەری دونیا.

دەبینین دیجیتاڵ میدیا ڕۆڵێکی سەرەکی و بەهێزی لە ڕووخان و گۆڕینی ڕێژیمە ئیستبدادییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە.

لە کاتێکدا نهێنیی دیپلۆماسیی دەوڵەتی ئامریکا لە ڕێگەی وێبسایتی ویکیلیکسەوە  ئاشکرا دەبێت  و پەردە لەسەر زۆر ڕووداوی ژێر پەردەی دێموکراسی هەڵدەدرێتەوە یان دەبینین دیجیتاڵ میدیاڕ سەرەکی و بەهێزی لە ڕووخان و گۆڕینی ڕێژیمە ئیستبدادییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە.

دیجیتاڵ میدیای نوێ و بێ سنوور جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ پەیوەندیی نێوان میدیا و دەنگ و ڕەنگە قەدیمییەکان هەیە. لە ڕاستیدا دەکرێت بڵێین قۆناغێکی نوێی زانیاری و هێز و دەسەڵاتە. پرسیارێک کە لێرەدا دروست دەبێت ئەوەیە، دەکرێت ئەمە وەک گۆڕانێکی پارادایم چاوی لێ بکەین؟

 بە ئیستدلال کردن بەو بۆچوونەی کە پێی وایە تێکنۆلۆژییەکان سیاسەتی بونیادیی ئێمە ناگۆڕن، ئەم بۆچوونە هیچ لایەک ڕەت ناکاتەوە و پێداگرە لەسەر ئەوەی تەکنۆلۆژیا نە باشە و نە خراپە، نە بێ لایەنە و نە گرێدراوە بە لایەنێک.

هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دەتوانین بڵێین: دیجیتاڵ میدیا و سۆسیال میدیا نە دەبنە هۆی دێموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا، نە دەشتوانن دێموکراسی لەنێو بەرن، هەروەها دیجیتاڵ میدیا ناتوانێت بێ لایەنیش بێت.

بەشێک لە خاوەن بۆچوونەکان لەم بوارەدا پێیان وایە سۆسیال میدیا بەربڵاوەکان بە شێوەیەک پەرەیان ئەستاندووە کە کۆنترۆڵ کردونیان زۆر ئەستەم بووە و بوونەتە سەرچاوەی پێشێلکردنی دێموکراسی و خولقێنەری کێشە بۆ کۆمەڵگا.

ئەوەش لە کاتێکدا خۆی دەنوێنێت کە بێرێزیی نژادپەرستی لە تویتێر دەگاتە ئەوپەڕی خۆی و فرۆشتن و دەستاودەسکردنی زانیاری لە فەیسبووکەوە لە بەرانبەر ویستێکی ماددی، هەروەها دەربڕینی بیرۆکەی توندئاژۆیانەی دژی مرۆیی و دروستکردن و هاندانی کۆمەڵگا لە ڕێگەی تێکنۆلۆژی و دیجیتاڵ میدیا بۆ بیرۆکە پاشکەوتووەکان و توندئاژۆیەکان کە لەژێر ناوی ئازادی ڕادەربڕین لە دیجیتاڵ میدیا دەردەچێت و کەڵک لە ئامرازێکی دێموکراتیک وەک سۆسیال میدیا وەردەگیرێت!

"ئایتان زوکێرمەن" کە خاوەنی رێکخراوی  ڕاگەیاندنە مەدەنییەکانە MIT هەوڵێکی زۆری داوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایانە ببینێتەوە کە  دیجیتاڵ میدیا بتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چەسپاندن و بەهێزکردنی دێموکراسی لە کۆمەڵگادا.

زوکێرمەن دەڵێت: گرینگیی ئەو پرسە لەوەدایە کە ئێمە بزانین کە دیجیتاڵ میدیا دەتوانێت چی بۆ دێموکراسی بکات؟

لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەدا زوکێرمەن بە ئیستدلال کردن بە بۆچوونی بابەتێک لە بڵاوکراوەکانی زانکۆی کۆلۆمبیا لەژێر ناوی "بۆچی دێموکراسی پێویستی بە ڕاگەیاندنێکی کۆنترۆڵ نەکراوە"، دەڵێت:
 لە باشترین حاڵەتدا دیجیتاڵ میدیا دەتوانێت گەیێنەرێکی خێرای ڕووداوەکان بێت، هەروەها خستنەڕووی ڕووداوە شاراوەکانی دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا و پیداگری کردن لەسەر بابەتەکە و بڵاوکردنەوەی بە بەهێزترین شێوە، وەک ئاشکراکردنی چۆنیەتیی کوشتنی سیاسەتمەدار یان ڕۆژنامەنووسێک کە داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی خۆی دەکات. هەروەها زوکێرمەن پێی وایە "دیجیتاڵ میدیا دەتوانێت دەنگە گرینگەکان بەهێز بکات". 

سەمیر چاکرابارتی بەڕێوبەری بەرهەمهێنان بۆ پێکەوەهەڵکردنی مەدەنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دیجیتاڵ میدیا و سۆسیال میدیا ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پێشێلکردنی دێموکراسی هەیە و دەڵێت:  "من کە بۆ خۆم بەرهەمهێنەری ئەو ڕەفتارە مەدەنییانەم لە  فەیسبووک و کوێر نیم و ئەو زیانانەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە کۆمەڵگای دەگەیەنن دەیانبینم".

ئەم بەرهەمهێنەرە لەگەڵ ئەوەی پێی وایە کە سەرەتای دروستبوونی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک کە دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان خێزان و خزمان و چەند ڕەفیقێکدا بووە و بۆ ئاگاداربوون لە هەواڵ و سەلامەتی یەکتر، تا ئەو ڕادەیە ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە زۆر گونجا و باش بووە.  بەڵام لەگەڵ پەرەئەستاندنی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە و بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ مەبەستە سیاسی و سیخوڕییەکان ئیتر بووەتە بەشێک لە ئامرازێک بۆ پێشێلکردنی دێموکراسی.
سەمیر لە دوو نموونەی "دەستێوەردانی دەرەکی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ"، پێشێلکاریی دێموکراسی  لە دیجیتاڵ میدیادا دەردەخات.

- دەستێوەردانی دەرەکی

لە ساڵی ٢٠١٦ لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئامریکا، تۆڕە سیخورییەکانی ڕووسیا لە ڕێگەی ئەکاونتی ساختەوە زیاتر لە ٨٠ هەزار پۆستیان لەسەر هەڵبژاردنەکان کردبوو کە زیاتر لە ١٢٦ ملیۆن کەس خوێنەری ئەو بابەتانە بوون کە ئامانجیان هەڵخەڵەتاندن و دابەشکردنی کۆمەڵگای ئامریکا بوو بەسەر دوو بەش یان چەندین بەشدا.

- بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و چەواشەکارانە

دەکرێت لە ڕێگەی هەمان ئەو ئامرازانەی کە دەبنە گەیێنەری دەنگی خەڵکی مافخوراو و لە هەمان ڕێگەوە فێڵ و چەواشەکاری و هەواڵێ هەڵخەڵەتێنەرانە بڵاو بکرێتەوە ببێتە سەرچاوەیەک بۆ هێرشکردنە سەر بۆچوونێکی ئازاد یان مافێکی ڕەوا یان ڕەگەز و نژادێکی مرۆیی.

بۆ نموونە، بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی ناڕاست لە ئوسترالیا کە ئەندام پارلمانێکی موسڵمان لە پارلمانی ئوسترالیا ئامادە نەبووە کە لە ڕۆژێکی نەتەوەیی تاجی گوڵینە ببەخشێت و بێڕێزیی کردەوە، بووە هۆی ئەوەی لە ڕێگەی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییە دیجیتاڵییەکانەوە بۆچوونی توندڕەوانە و بێرێزیکردن بە ڕەگەز و ئایینی ئەو ئەندام پارلمانە بگاتە لووتکە.

بەشداریکردنی نایەکسان لە دیجیتاڵ میدیا یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکێکی تر لەو باسە گرینگانەیە کە دەتوانێت وەک کەماسییەکی دێموکراتیک چاوی لێ بکرێت. مرۆڤەکان خوازیاری ئەوەن کە خۆیان یان ڕێگا و بۆچوونەکانی خۆیان لە دیجیتاڵ میدیادا دەربەخەن، بەڵام دەبینین ئەو دەربڕینە بە بەراورد لەگەڵ ژنان زۆر کەمترە.

ئەگەر سیاسییەکان هەڵسەنگاندنەکانیان  لەسەر پێوەری ئەو دەربڕینانەوە بنیاد بنێن کە لە دیجیتاڵ میدیادا بڵاو دەبێتەوە، ئەوە ناتوانن بگەن بە ئەنجامێکی دروست و جێگای متمانە بۆ داڕشتنی پلانەکانیان، ئەوەش بە هۆکاری نابەرانبەری لە دەربڕینەکاندا و ڕاستەقینە نەبوونی هەموو ئەو سەکۆیانەی کە دەربڕینەکانی لێ بڵاو دەبێتەوە.

لە کۆتاییدا زۆر ئەستەمە کە بڕیار بدەین کە دیجیتاڵ میدیا باشە یان خراپە بۆ دێموکراسی، ئەوەی کە دەتوانین بە ڕوونی بیخەینە ڕوو ئەوەیە کە دیجیتاڵ میدیا هەم دەتوانێت باش بێت بۆ دێموکراسی هەمیش دەتوانێت خراپ بێت.

لە باشترین حاڵەتدا دیجیتاڵ میدیا دەتوانێت ئەو دەرفەتەمان بۆ بڕەخسێنێت کە خۆمان دەرببڕین و دەستپێشخەر بین، لە خراپترین حاڵەتیشدا دەتوانێت دەرفەتی ئەوە برەخسێنێت کە خەڵک ببنە سەکۆیەک بۆ پەرەپێدان بە هەواڵێکی ناڕاست و دەرفەتی خراپکردنی دێموکراسی بڕەخسێنێت.

لینکی ئەو سەرچاوانەی کە بۆ نووسینی ئەو بابەتە کەڵکی لێ وەرگیراوە:

https://www.wnyc.org/story/is-social-media-good-for-democracy/

https://sur.conectas.org/en/is-social-media-good-or-bad-for-democracy/

https://about.fb.com/news/2018/01/vromen-democracy/
https://www.thebigq.org/2019/06/26/taking-issue-is-social-media-good-or-bad-for-democracy/
https://about.fb.com/news/2018/01/effect-social-media-democracy/
https://www.cjr.org/the_new_gatekeepers/social-media-democracy.php

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.