کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەرپرسی پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكرات لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ پارلمانتارەكانی ئورووپایی

17:57 - 3 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: لوقمان ئەحمەدی، بەرپرسی پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات توانی لەگەڵ ژمارەیەك ئەندام پارلمانی یەكیەتیی ئورووپا لە شاری برۆكسێل چاوپێكەوتنی ئەنجام بدات.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێكەوتی ٢٠ی مانگی مارس ئەحمەدی لەگەڵ ئورسێتە رۆسی ئەندام پارلمانی یەكیەتیی ئورووپا لەسەر فراكسیۆنی لیبراڵەكان و ئەندامی هەیئەتی یەكیەتیی ئورووپا بۆ كاروباری ئێران كۆبووەو و لەم دیدارەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر بەرنامەی ناوكی ئێران، گەمارۆ ئابوورییەكان لەسەر رێژیمی ئیسلامی ئێران و كاریگەری نەرێنی ئەم رێژیمە لەناوچەی ئورووپا، كرا.

4149.jpg
ئورسێتە رۆسی


ئەحمەدی لە درێژەی چاوپێكەوتنەكانیدا لەگەڵ ئاگۆتا دوروتیا دەمەتەر راوێژكاری گال كیبگا، ئەندامی پارلمان و كۆمیتەی مافی مرۆفی پارلمانی ئورووپا كۆبووەو و لەو دانیشتنەدا باسی دەستبەسەر كرانی هاووڵاتیانی كورد و كوشتنی كۆڵبەرانی لەسەر سنوور و رەوتی دەستگیركردنی چالاكانی سیاسی لە بەلوچستان و ئەهواز كرا. لەم پێوەندییە دا دوروتیا دەمەتەر بە نوێنەرایەتی كیبگا ئامادەیی دەربڕی كە پرسی مافی مرۆڤی نەتەوە ستەملێكراوەكان بباتە ناو پارلمانی ئورووپاوە.

4150.jpg
ئەلیسابێت جێگلە


هەروەها نوێنەری پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكرات لەدەرەوەی وڵات دیدارێكی لەگەڵ ئەلیسابێت جێگلە، ئەندام پارلمان و ئەندامی كۆمیتەی مافی مرۆڤی ئورووپا، ئەنجام دا و لەوێدا پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران و هەلومەرجی نەتەوە ستەملێكراوەكانی ئێران باس كرا و ئەحمەدی داوای كرد كە كۆمیتەی مافی مرۆڤ سرنجێكی تایبەتی بە پرسی نەتەوە ستەملێكراوەكانی ئیران بدا.

4151.jpg
كۆرنەلیا ئێرنست


لە درێژەی ئەو دیدارانەدا رێكەوتی ٢١ی مانگی مارس لوقمان ئەحمەدی دیدارێكی لەگەڵ كۆرنەلیا ئێرنست، ئەندام پارلمان لەسەر فراكسێۆنی سەوزەكان و جێگری بەرپرسی هەیئەتی یەكیەتیی ئورووپا بۆ كاروباری ئێران پێك هێناو باسێكی زۆر لەسەر سیاسەتەكانی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین، بەرنامەی ناوكی رێژیم و گەماروە ئابورییەكانی سەر ئەو وڵاتە كرا.

4148.jpg
توننە كێلام


هەر هەمان رۆژ ئەحمەدی لەگەڵ توننە كێلام، ئەندام پارلمان لەسەر فراكسێۆنی مەسیحی دێمۆكراتەكان و ئەندامی كۆمیتەی كار و باری دەرەوە و كۆمیتەی دیفاع و ئەمنیەتی یەكیەتی ئورووپا كۆبووە. لەم دیدارە دا باس لەسەر كاریگەری نەرێنی سیاسەتەكانی رێژیمی ئیسلامی لەسەر ئەمنیەت و سەقامگیری بەشێكی بەرچاوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین و پێویستی بەرپێچدانەوەی ئەم سیاسەتە لەلایەن كۆمەڵگای نێونەتەوەیی كرا.

نوێنەری پێوەندییەكان وتی: ئێران دەتوانێ ببێ بە مەترسییەكی گەورەی ئەمنیەتی بۆ ئەورووپا و تەواو جیهان. بەڕێز كێلامیش رایگەیاند كە هاونەزەری حیزبی دێمۆكرات و كۆنگرەی نەتەوەكانی ئیرانی فێدراڵە و پێداگری لەسەر ئەوە كرد كە پێویستە یەكیەتی ئورووپا هەڵویستی روونتر و كاریگەرتری بەرامبەر بە رێژیمی كۆماری ئیسلامی هەبێ‌.