کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنگرەی ئەمریکا

18:30 - 17 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: لوقمان ئەحمەدی لە سەردانێکدا بۆ کۆنگرەی ئەمریکا لەگەڵ جۆمارۆ ئەندامی ئەو کۆنگرەیە کۆبووەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'لوقمان ئەحمەدی\'\' بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٥ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەگەڵ \'\'جۆ مارۆ\'\' لە کۆنگرەی ئەمریکا کۆبووەوە.
مێژووی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و تێکۆشانی ئەو حیزبە لەپێناو وەدیهاتنی دێموکراسی و مافی نەتەوایەتیی گەلی کورد، پرسی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ و سیستەمی فیدراڵی وەکوو تەنیا رێگاچارەی کێشەی ئەو نەتەوانە لەمەڕ سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەکە، بەشێک لە قسەکانی لوقمان ئەحمەدی لەو دیدارەدا پێکهێنابوو.

ئەحمەی لەو دیدارەدا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ وتی: یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی هەرەسهێنانی خۆپیشاندانەکانی پاش هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی، بەشداری نەکردنی نەتەوەکانی ئێران لەو خۆپیشاندانانەدا بوو، بۆیە پێویستە بۆ سەرکەوتنی هەر حەرەکەتێکی ئیعترازی نەتەوەکانی ئێرانیش تێیدا بەشداری بکەن و ویستی ئەو نەتەوانە لەبەر چاو بگیردرێت.

نوێنەری حیزب لەم چاوپێکەوتنەدا باسی لەو نیگەرانییانەی کرد کە نەتەوکانی ئێران هەیانە لەمەڕ قوربانی کردنی پرسی نەتەوەکان و مافی مرۆڤ لە پێناو کێشەی ناوەکی ئێران و وتی: دانووستانەکان لە سەر پرسی ناوکی ئێران خەریکە کێشە گرینگەکانی تری ئەم وڵاتە دەخاتە پەراوێزەوە.

ئەحمەدی ئاماژەی بەوە دا کە نابێت کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە تایبەت ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ ئێران ئەو دوو بابەتە ئاماژە پێ کراوە بخاتە پەراوێزەوە و پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە بە چەکی ناوکی، یان بێ چەکی ناوەکی رێژیمی ئێستای ئێران مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر ئاسایش و ئاشتی لە جیهاندا.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب وتیشی: ئەگەر بێت و وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا پرسی نەتەوەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە لە پەراوێز بخەن، مەترسیی ئەوە هەیە کە متمانەیی ئوپۆزیسیۆنی دێموکراتیکی کۆماری ئیسلامی لە دەست بدەن.

جۆ مارۆ لەو هاودیتنەدا وێڕای بەرز نرخاندی سەردانی شاندی حیزب باسی لەوە کرد کە پەرە پێدانی ئەمجۆرە چاوپێکەوتنانە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەندامانی کۆنگرە بتوانن ئاگایی زۆرتریان لەسەر کێشەکانی ئێران هەبێت و لەو باوەڕەدا بوو کە نابێ ئەمریکا تەنیا گرینگی بە پرسی بەرنامەی ناوکی بدا.