کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری شاندێکی حیزبی دێموکرات لە وەزارەتی دەرەوەی هولەند

14:32 - 9 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی لوقمان ئەحمەدی لەگەڵ دوو بەرپرسی کاروباری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی هولەند چاوپێکەوتنی پێک هێنا.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەمە، رێکەوتی ٧ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی ، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، بە سەرپەرستیی لوقمان ئەحمەدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ دوو بەرپرسی کاروباری پێوەندیداری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئێران، وڵاتانی کەنداو، سووریە و ئەوردون) لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی هولەند لە شاری لاها کۆبووەوە.

لوقمان ئەحمەدی لەم دیدارەدا، روانگەی حیزبی دێموکراتی لەسەر ئاخرین ئاڵووگۆڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵی رێژیمی ئێران لەم ئاڵووگۆڕانە چەند باسێکی پێشکەش کرد.

ئەحمەدی لەسەر ئەوە جەختی کرد کە دەستێوەردانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و زیادبوونی نفووزی ئەو رێژیمە لە عێراق، سووریە، لوبنان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە چەندین وڵاتی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ترساندووە.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کرد کە یەکێک لەو هۆکارانە کە بەشێک لە وڵاتە سوننە‌مەزهەبی ناوچەکە هاوکاری لایەنێک وەکوو داعش دەکەن بۆ ترس لە زیادبوونی نفووز و دەسەڵاتی رێژیمی ئێران دەگەڕێتەوە. لە ڕوانگەی ئەم وڵاتانەوە ئێران و لایەنە شیعەکان مەترسییەکی گەورەترن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان تا لایەنێک وەکوو داعش و ئامادەن هاوکاری هەر لایەنێک بکەن کە بەرەوڕووی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و هاوپەیمانەکانی ببنەوە.

ئەحمەدی لە درێژەی باسەکانیدا وتی: رێژیمی ئیسلامی یەکێک لە سەرەکەیترین سەرچاوەکانی ناسەقامگیری و شەڕ و کێشە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و کردار و هەڵویستی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لە ترسی ئێران دایە و وڵاتانی رۆژئاوا نابێ بە هیچ شێوەیەک پێیان وابێت کە لە رێگای هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیران دەتوانن سەقامگیری بگەڕێنەوە بۆ عێراق و سووریه، چونکە شەڕ لەو دوو وڵاتە بۆ سەر سیاسەتەکانی رێژیمی ئێران لەو دوو وڵاتە دەگەڕێتەوە.

بەرپرسی شاندی حیزبی دێموکرات لەو چاوپێکەوتنەدا هەروەها داوای کرد کە وڵاتانی رۆژئاوا دەبێ سەرمایەگوزاری سیاسیی و مەعنەوەی لەسەر ئەو لایەنانە بکەن کە لە بەهاکانی دێموکراسی، یەکسانی و ئازادی پێڕەوی دەکەن. لە رۆژهەڵاتی ناڤین، نەتەوەی کورد نیشانی داوە کە لایەنێکە کە ئەم کۆمەڵە بەهایە رچاو دەکا و بە تەواو مانا باوەڕی پێیان هەیە. هەر بۆیە پێویستە وڵاتانی دێموکراتی جیهان پێوەندییەکانیان لەگەڵ کورد پتەوتر بکەن و هاوکاری زیاتریان بکەن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکە‌دا لوقمان ئەحمەدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی شاندی حیزب لەم چاوپێکەوتنەدا جەختی کردەوە کە تەنیا رێگایەک کە بۆ بنبڕکردنی رۆڵی تێکدەرانەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا هەیە، گۆڕینی رێژیمە بۆ سیستیمێکی دێموکراتیک و فیدراڵ کە تێیایدا دەسەڵات بەسەر هەموو نەتەوەکانی ئێران دابەش بکردرێت.