کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی بانەمەر، شاندێكی پەیوەندییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی ''محەممەدساڵح قادری ''، لە شاری هەولێر، سەردانی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستانیان كرد و لە لایەن وەفدی مەكتەبی سیاسیی ئەو حیزبەوە بە سەرپەرەستیی ''گۆران جەلال'' پێشوازییان لێ كرا.
لەم دانیشتنەدا، دوو لایەن وێڕای تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسیی ناوچە و كوردستان، قۆناغی ئێستای خەباتی كوردیان لە بەردەم دەرفەت و هاوكێشە ناوچەیی و نێودەولەتییەكان لە لایەك و جیدییەتی گەلی كورد بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەیییەكانی لە لایەكی دیكەوە بە گرینگ زانی .
دوو لایەن سەرەڕای پێداگریی لەسەر هاوکاریی نێوانیان جەختیان کردەوە، کە پێكەوەهەڵكردن و هاوكاریی نێوان حیزب و لایەنەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی، زامنی سەركەوتن دەبێت.