کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان

18:29 - 11 خاکەلێوه 2721

بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، ''مستەفا هیجری'' لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان پێک هێنا.

''مستەفا هیجری'' لەم دانیشتنە تایبەتەدا وێڕای بەرزنرخاندنی نرخێک کە شەهیدانی کوردستان لە پێناو ئامانجە بەرزە نەتەوەییەکانی گەلەکەمان داویانە، جارێکی تر پێداگریی کردەوە لەسەر ئەرکداربوونی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان و ڕێزگرتن لە بنەماڵە سەربەرزەکانیان.

لێپرسراوی گشتی هەروەها جەختی کردەوە کە حیزبی دێموکرات هەروەک لە ڕابردووشدا ئەنجامی داوە بۆ خزمەت بە کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدان و بەتایبەت یادگارەکانی ئەوان لەسەر هێڵە و هەر کارێک کە بۆ خزمەت بە ئەوان بێت ئامادەیە بۆ ڕاپەڕاندن و ئەنجامدانی.

''هیجری'' لە قسەکانیدا وتوویەتی: "ئێمە هەموومان قەرزداری خوێنی شەهیدە سەربەرزەکانمانین و بۆ خزمەت بە ڕۆڵەکانی ئەوان و بنەماڵە ئازیزەکانیان هەر کارێک بکەین کەممان کردووە و لە داهاتووشدا چیمان لەدەست بێت درێغی ناکەین".

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاوڕی لە نەخش و ڕۆڵی هاوسەری شەهیدەکانی گەل دایەوە و ڕۆڵی گرینگی ئەوان بۆ پەروەردەکردن و بارهێنانی منداڵەکانیانی بە ئەرکێکی پیرۆز و لە هەمان کاتدا قورس زانی و وتی: ''هاوسەرانی شەهیدان دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن کە ئەوان جگە لە ئەرکی دایکایەتی دەبێ وەک باوکێکی خەمخۆر و دڵسۆزیش هەنگاو بنێن و هەوڵ بدەن کە منداڵەکانیان بە پەروەردەیەکی شیاوی ناوی بنەماڵەی شەهید بار بهێنن''.

''مستەفا هیجری'' لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لە پێگەی بەرزی بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: ''کۆمەڵگای کوردستان بەگشتی هەروەک لە ڕابردوودا ئەنجامیان داوە، دەبێ ڕێز لە دایک و باوکانی شەهیدان بگرن و جێگە و پێگەیان بەرز بنرخێنن''.

لە کۆتاییدا لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بە ئاوڕدانەوەیەک لەسەر دۆخی کۆماری ئیسلامی و نەمانی ڕەوایی لەنێو خەڵکانی ئێران وتی: ''هیواخوازم لە داهاتوویەکی نیزیکدا کۆتایی بە تەمەنی ئەم ڕێژیمە نگریسە بێت و ئێمەش بتوانین بگەڕێینەوە نێو ئازیزانمان و بە دیداریان شاد ببینەوە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانیش بە چاوی خۆیان بەهرەی ئەو نرخەی کە داویانە ببینن کە بریتییە لە ئازادیی گەلەکەمان کە لە سایەی ئەو ئازادییەدا بەرەکانی دواتری کوردستان دەحەسێنەوە''.