کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان

18:07 - 10 خاکەلێوه 2722

"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دیدارێکی لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان پێک هێنا.

کۆبوونەوەکە ڕۆژی ٩ی خاکەلێوە و بە بەشداریی بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

مستەفا هیجری لە قسەکانی خۆیدا باسی لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان کرد و وتی: "ڕاستە کە ئێمە ڕۆژێکمان لە حیزبەکەماندا دیاری کردووە بۆ بیرکردنەوە لە یادی ئەو شەهیدە خۆشەویستانەمان بەڵام ئەوان لە هەستماندا، لە خوێنماندا و لەڕرێبازماندا هەمیشە زیندوون، بەتایبەت بۆ ئێمە کادر و پێشمەرگەکان کە ڕاستەوخۆ ڕێبازی ئەو شەهیدانەمان گرتووە و درێژەدەری ڕێگاکەیانین".

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کە دامەزرێنەری یەکەم کۆماری کوردستان بووە دەبێ لەسەر ڕێبازی شەهیدان بەردەوام بن و وتی: " لەو ڕۆژەدا وەفاداریی خۆمان بە ڕێبازەکە جارێکی دیکە نوێ دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین کە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکەمان لە ڕیزی خەباتکارانی ئەو ڕێبازە گرانبەهایەدا دەمێنینەوە".

هیجری دواتر و لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە ئەرکی کۆمەڵگای کوردەواری و ئەرکی پێشمەرگە و خەڵکی کورد بەنیسبەت خەباتەکە کە ڕێبازی شەهیدانە کرد و هەروەها بەرانبەر بە بنەماڵەی شەهیدان کرد.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات هەروەها باسی لەو ستەمە کرد کە کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە بنەماڵەی شەهیدان و خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاری دەیکات و ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێ هەمووان ڕێز لە بنەماڵەی شەهیدان و بنەماڵەی ئەو خەباتکارانە بگرین کە لەژێر گوشارەکانی کۆماری ئیسلامیدان.

مستەفا هیجری لە بەشی کۆتاییدا پەرژایە سەر ئەرکی خودی بنەماڵەی شەهیدان و بەتایبەت هاوسەرانی شەهیدان و وتی: " کاتێک هاوسەری شەهیدێک ئەرکی منداڵەکانی شەهیدەکەشی دەکەوێتە سەر شان، هەم جێگای بابیان بۆ دەگرێتەوە و هەم جێگای دایک، ئەرک و زەحمەتێکی زۆری لەسەر شانە. هاوسەری شەهیدەکانمان لە پێوەندی لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا دەبێ ئەرکەکانیان بەنیسبەت منداڵەکانیان بە دروستی بەڕێوە ببەن. منداڵەکانیان گۆش بکەن بە دەنگ و سروودی شۆڕشگێڕانە و نیشتمانی، ئەوان بە سەربەرزییەوە منداڵەکانیان وریا بکەنەوە، شارەزایان بکەن کە بابی ئەوان، برای ئەوان و کەسوکاری ئەوان لە چ ڕێبازێکدا و بۆچی سەری خۆیان داناوە یان لە زینداندا بەسەر دەبەن".

هیجری لە کۆتاییدا وتی: "مەکتەبی شەهادەت لە حیزبی دێموکراتدا، مەکتەبی لێ فێربوونە و ئێمە هەموومان لەو مەدرەسەیەدا پێگەیشتووین و لەو مەدرەسەیەدا ڕێگاکەمان درێژە پێ دەدەین".