کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ یەکیەتیی خوێندکاران

10:17 - 1 رێبەندان 2720

"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشوازی لە ڕێبەریی پێشوو و ڕێبەریی نوێی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات دیدارێکی لەگەڵ ئەندامانی بەڕێوەبەریی پیشوو و نوێی ڕێکخراوی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا و تێیدا باسێکی گشتی لەسەر بارودۆخی خوێندکاران لە کوردستان و هەروەها ڕۆڵی ئەوان لە بزاڤە ئازادیخوازانەکان کرد.

ناوبراو هەروەها باسی لەو کێشە و گرفتانە کرد کە بۆ کۆماری ئیسلامی بەشێوەی سیستماتیک و ئامانجدار بۆ خوێندکاران بەگشتی و خوێندکارانی کورد بەتایبەتی دەیخوڵقێنێت کە وادەکات بەشێکی زۆر لە خوێندەوارانی کورد ناچار بن وڵات بەجێ بهێڵن و ئەمەش دیاردەی هەڵاتنی مێشکەکانی لێکەوتووەتەوە کە کوردستان لەمبارەشەوە پشکی شێری بەر کەوتووە.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات هەروەها باسێکی لەو لاوە خوێندەوارانە کرد کە لەدوای قۆناغی نوێی خەباتی کورد لە کوردستانی ئێران ناسراو بە ڕاسانی خۆرهەڵات پەیوەست بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوون و دەور و ڕۆڵی ئەوانی بۆ بردنەپێشی زیاتری ئامانجەکانی ڕاسان و گرێدانی خەباتی شار و شاخ  بەرز نرخاند.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ناوبراو بە ناوی حیزبی دێموکراتەوە دەستخۆشی و ماندوونەبوونی لە سکرتێری پێشووی یەکیەتیی خوێندکاران واتە "کاروان شەرەفی" کرد و پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەریی نوێی ڕێکخراوەکە بەتایبەت "جەماڵ فەتحی" سکرتێری نوێی ئەم ڕێکخراوە کرد و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن.

شەشەمین کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکاران ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانباری ١٣٩٩ دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و پاش سێ ڕۆژ کاری بەردەوام سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.