کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری پارتی ئازادیی کوردستانی باکوور و حیزبی دێموکرات

18:58 - 15 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی سەركردایەتیی پارتی ئازادیی كوردستانی باكوور سەردانی دەفتەری پێوەندیەكانی حیزبی دێموكراتی لە ساری هەولێر کرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەر لە بەیانیی رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ١٤ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی، هەتاوی (٤ی ژانوویەی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی) شاندێکی دەفتەری پەیوەندییەكانی پارتی ئازادیی كوردستانی باكوور بە سەرپەرستیی عەبدولرەحمان گوندكی و ئورهان كایا نوێنەری ئەو پارتە لە هەرێمی كوردستان، سەردانی دەفتەری پێوەندیەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان لە شاری هەولێر كرد.

ئەم شاندەی پارتی ئازادی لە لایەن شاندێکی دەفتەری پێوەندیەكانی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستی محەممەد ساڵح قادری ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندیەكانی حیزب لە هەولێر، پێشوازییان لێوە‌كرا.

لە دیدارەكەدا محەممەد ساڵح قادری وێڕای بە خێر هاتنی شاندی پارتی ئازادیی کوردستان و پیرۆزبایی بە فەرمی دامەزرانیان وەك پارتێكی یاسایی بۆ خەباتی كورد لە باكووری كوردستان، باسیكی لە سەر مێژووی حیزب و سیاسەت و پرنسیبەكانی لە هەمبەر پارچەكانی دیكەی كوردستان پێشکەش کرد.

قادری لە درێژەی قسەکانیدا پێداگریی لە سەر یەكڕیزی و هاوكاریی نێوان لایەنە سیاسیەكان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەی كوردی كرد.

10253.jpg


پاشان عەبدولڕحمان گوندكی سەرپرستی شاندی پارتی ئازادیی کوردستان وێڕای دەربڕینی سپاس و پیزانین لە پێشوازیی گەرمی پێوەندییەكانی حیزبی دێموکرات، بەرپرسی پێوەندیەكانی خۆیان لە هەرێمی كوردستان بە ناوی ئورهان كایای بە حیزبی خانەخوێ ناساند و باسی لە چۆنیەتیی دامەزراندنی پارتەكەیان لە توركیە و بڕیاراتی یەكەمین كونگرەكەیان كرد.

لە كۆتایی ئەم دیداردا هەر دوو لایەن جەختیان لەسەر بەردەوامیی پێوەندییەكانی نێوان دوو حیزبەکە كرد.