ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ۲۳ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هەیئەتێکی پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە بە سەرپەرستیی "عەلی شەمدین" ئەندامی مەکتەبی سیاسی و نوێنەری پارتی پێشڤەڕۆ لە هەرێمی کوردستان، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.
ئەو هەیئەتە لەلایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات، بە سەرپەرستیی "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازییان لێ کرا.
لەو چاوپێکەوتنەدا بە شێوەیەکی تێروتەسەل دۆخی کورد لە هەر دوو بەشی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا تاوتوێ کرا و کاریگەری و باندۆڕی هاوکێشە سیاسییەکان و دەرفەت و هەڕەشەکانیان لەسەر پرسی کورد باس کرد.
دوو لایەن وێڕای پێداگریکردن لەسەر یەکڕیزی و یەکگوتاریی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان وێڕای پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی هەر هێز و لایەنێک لە هەر بەشێکی کوردستان، سەبارەت بە بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە، جەختیان کردەوە.