کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری کۆمیتەی حیزبی دێمۆکرات لە نوروێژ، لەگەڵ رێکخراوێکی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ

15:03 - 18 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێمۆکرات سەردانی کۆمیتەی دێن نۆشکە هیلسینگفووشی کرد و دیداری لەگەڵ جێگری سکرتێری ئەو کۆمیتەیە پێکهێنا.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٦ی رێبەندانی ١٣٩١ی هەتاوی، شاندێکی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێمۆکرات ــ نوروێژ، بە سەرپەرستیی عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکان لە نوروێژ، سەردانی کۆمیتەی هلسینگفۆش کرد و لەگەڵ گوینار ئێکەلوێڤە شلیداڵ جێگری سکرتێری ئەو کۆمیتەیە دیدار و چاوپێکەوتنی پێک هێنا.
لەم هاودیتنەدا لەسەر حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، پێکهاتەی خەڵکی ئێران و کێشە سیاسییەکان، پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بەگشتی و دەرحەق بە نەتەوەکانی ستەملێکراوی ئێران، سیاسەتی حیزبی دێمۆکرات لە پێوەندی لەگەڵ چارەسەریی کێشە سیاسییەکانی ئێران، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، بارودۆخی پەنابەرانی کوردستانی رۆژهەڵات و پێوەندییەکانی هەردوو لایەن قسە و باس کرا.

هلسینگفۆش، کۆمیتەیەکی ناحکوومییە کە داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە وڵاتانی ئورووپایی، ئاسیای ناوەڕاست و باکووری ئەمریکا دەکات و لە ساڵی ١٩٧٧ زایینی دامەزراوە.