کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

19:05 - 4 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٤ی رەشەممەی ۱۳۹۷ی هەتاوی شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە سەرپەرستی بەرێز "د.محەممەد هاودیانی" بەرپرسی گشتیی دەزگای پێوەندییەکانی یەکگرتوو ، سەردانی بنکەی دەستەی کارگێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبەوە بە سەرپەرستی بەرێز "محەممەد نەزیف قادری" جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا.

سەرەتا محەممەد هاودیانی بە ناوی یەکگرتووی ئیسلامییەوە سپاسی حیزبی دێموکراتی کرد بۆ پێشوازییان و ئاماژەی بەوەدا، کە حیزبی دێموکرات و یەکگرتووی ئیسلامی مێژوویەکی دێرینیان لە پێوەندی دۆستانەی نێوانیاندا هەیە و دواتر لەسەر پرسە پێوەندیدارەکان بە کوردستان و ناوچەکە هەڵوێست و جیهانبینی یەکگرتووی باسکرد و جەختی لە ڕۆڵی نیشتمانی و بەرپرسانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد کردەوە.

دواتر "محەممەد نەزیف قادری" وێڕای سپاسکردنی هەیئەتی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ سەردانەکەیان، ڕۆڵی یەکگرتووی ئیسلامی وەک هێزێکی نیشتمانی و میانەڕەو بەرز نرخاند و هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی سەبارەت بە ڕووداوەکانی کوردستان و ئێران و ناوچە باس کرد و پێی لەسەر پڕەنسیپە نەگۆڕەکانی حیزب وەک پاراستنی ئەخلاق لە سیاسەت و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی داگرتەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا هەر دوو لایەن، پێداگرییان لەسەر بەهێزترکردنی پێوەندییەکانیان کردەوە.